شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم په‌یامێكى له‌باره‌ى دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان‌و ناوهێنانى دوو زۆنى سه‌وزو زه‌رد بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "زۆرم ڕق له‌به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌یه"، ده‌شڵێت:"یه‌كێتى ده‌مێنێته‌وه وه‌كو هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى بۆ پارتى ده‌مێنێته‌وه له‌حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستان".
له‌دیدارى میرى، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌كێشه‌و ناكۆكیه‌كانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى كرد‌و ڕایگه‌یاند، "جارێ سه‌ره‌تا نابێت زۆنى سه‌وزو زه‌رد هه‌بێت‌و وه‌كو ده‌سته‌واژه به‌كاربهێندرێت، ئه‌وه‌ى هه‌یه ده‌بێت زۆنى كوردستان هه‌بێت، دروست نییه به‌كارهێنانى‌و من زۆر ڕقیشم لێیه‌تى".
سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ره‌كانى كشانه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌حكومه‌ت، بارزانى وتى:"یه‌كێتى هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى‌و ڕاسته‌قینه‌ى حوكمڕانى‌و پارتیه، یه‌كێتى ده‌مێنێته‌وه وه‌كو هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى بۆ پارتى، ناتوانم ئینكار بكه‌م كه كێشه نییه، به‌ڵێ كێشه هه‌یه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه هه‌وڵى چاره‌سه‌ر ده‌ده‌ین".
سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ى له‌نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه، نێچیرڤان بارزانى ئاشكرایكرد، "زۆرم هه‌وڵداوه بۆ چاره‌سه‌رو هه‌ندێكیان سه‌ریانگرت، به‌ڵام هه‌ندێكیشى ماوه‌ته‌وه، ده‌بێت هه‌ڵه‌كانى خۆمان چاره‌سه‌ربكه‌ین‌و یه‌كێتى‌و پارتیش دان به‌هه‌ڵه‌كانى خۆیاندا بنێن".
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه، "نه پارتى به‌دیلى یه‌كێتیه‌و نه یه‌كێتیش به‌دیلى پارتیه، ئێمه ته‌واوكه‌رى یه‌كترین، به‌دڵنیاییشه‌وه حه‌ل ده‌دۆزینه‌وه بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى یه‌كێتى‌و پارتى‌و جارێكى تر مه‌جالى هیچ پرسیارێك بۆ كێشه‌كانى پارتى‌و یه‌كێتى ناهێڵینه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌دواخستنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمى كوردستان، بارزانى ڕاشكاوانه وتى:"به‌داخه‌وه حزبه‌كان له‌سه‌ر شتى بێ مه‌عنا له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ڕێكنه‌كه‌وتن، كێشه‌كان ئه‌وه‌نده بچوك بون كه هه‌ر شه‌رمه باسیان بكه‌م".
ش.هـ
