ئادەم ئاودەل
لەسیاسەتدا شتێک هەیە پێی دەوترێ جیاوازی بیروڕا، زۆرجار کەسێک لەپارتێک یا ڕێکخراوێکی سیاسی دیاریکراوەوە بۆچونی دەگۆڕێتو دەچێتە بەرەکەی ترەوە، ئەم دیاردەیە لەزۆربەی پارتو ڕێکخراوە دیموکراسیەکان شتێکی واردە، لەلای ئێمە بەم چەمکە یا بەو دیاردەیە دەوترێ سەنگەر گواستنەوە، یا گۆڕینەوەی سەنگەر.
بەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەردەکەوێت کە شۆڕشو خەباتی پارتە کوردیەکانیش بەدەرنین لەو دیاردانە. دیارترینیان لەچەند ساڵی ڕابردوو ڕویاندا کە بەشێک لەفیگەرە دیارو بەرچاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانو ژمارەیەک بەرپرسی پەراوێزخراوی یەکێتی، لەڕێگەی دەزگا سیخوریەکانی پارتیەوە کڕدران یا بەهەرجۆرێک بێت چونە ناو ئەو حیزبەوە.
واتە وەک خۆیان دەیان وت لەبەرەی گەلو هێڵی میللەتەوە چونە ناو دەسەڵاتێکی ستەمکاری نادیموکرات. ئەم فیگەرە سیاسیە بەرچاوانە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو بەدەست میدیاکانی پارتیەوە جوڵێندرانو بەکارهێندران کە ڕەنگە بەشێکی بۆ ئیستفزازکردنی ئۆپۆزسیۆنو دەنگی شەقام بوبێت کە بەشێکی زۆری شەڕی میدیایی بەم دەمو چاوانە کرا.
ئەوانەی خاوەنی ئەو ڕەفتارانەن هەموکات دوجار زەرەرمەندن، هەم لەناو کادیرو دەنگدەرانی حیزبە نوێیەکانیان دەمو چاوێکی پەسەندنینو هەردەم بەوە ناودەبرێن کە (هاتونەتەسەر حازری) هەمیش لەلایەن حیزبەکەی پێشویانو کۆمەڵگە بەگشتی نابنە خاوەنی خوێندنەوەیەکی باشو قبوڵکراو.
لەکۆنگرەی 14ی پارتی زۆرینەی ئەوکەسانە بەتەزکییە سەرخران بۆ کۆنگرە، لەوێش فۆڕمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیان پڕکردەوە کە بەرزترین دەسەڵاتی پارتیە، بەڵام وەک چاوەڕواندەکرا بەرپرسانی باڵای حیزبەکە ڕێگەیان نەدا هیچ کام لەو کاندیدانە سەرکەون.
ئەمە دوو ئاماژەی هەیە، هەم دەنگدەران کەسێکیان هەڵنەبژار کە بۆ ئەو حیزبە هاتونەتەسەر سفرەی ئامادە، هەمیش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو حیزبە تەنها تائێرە کاریان بەو فیگەرە سیاسیانە بوو، بەڵام هەرچۆنێک بێت هەنگاوێکی باش بوو لەناشیرین وێناکردنی دیاردەی سەنگەر گواستنەوە.
لەکۆنگرەدا مەنتیقی (وەفات بۆ حزبەکەت نەبوو بۆ منیشت نابێ) کاری پێکرا، لەمەوە دەردەکەوێت هەڵگرانی دیاردەی سەنگەر گواستنەوە نەک تەنها لەناو شەقامی گشتی بەڵکو، لەناو حیزبەکانیشدا مقبول نینو دەردەکەوێ کە دیاردەکە دزێوو ناپەسندە.
