ساڵح موسلیم بەهۆی هێرشەکانی سەر رۆژئاواوە داوای چی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد؟

کوردستان

24/11/2022‌ 940 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند، چاوی گەلی کوردستان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بەرەو ئاستی نێودەوڵەتیی ببات.

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا بە فڕۆکەی جەنگیی و بێفڕۆکەوان و تۆپخانەکانی لە شەهباوە بۆ شاری دێریک لە ڕۆژاڤای کوردستان هێرشی "قورس"ی ئەنجامدا، تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو هێرشانەوە دەوترێت "کۆمەڵکوژییەکی گەورە" لە دەڤەری دێریک روویداوە و ١١ هاوڵاتی مەدەنی کە یەکێکیان رۆژنامەنووس بووە، گیانیانلەدەستداوە.

ئایا ئەمریکا ڕێگەی داوە تورکیا هێرش بکات؟

سەبارەت بەم هێرشانە، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بۆ شارپرێس قسەی کرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا رێگەی بە تورکیا داوە هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان؟ گوتی: "من نازانم ئەمریکا رێگەی داوە یاخود نا، بەڵام ئەوەی هەیە، ئەوەیە کە ئەمریکا نایەوێت تورکیا بێزار بکات، ڕەنگیشە ئەمریکا نەیگوتبێت هێرش بکە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر شتێک بکەیت، من ناتبینم، بە واتایەکی تر ئەمریکا چاوی لە هێرشەکانی تورکیا کوێر کردووە، بەجۆرێک دوێنێ فڕۆکەی تورکی لە نزیک هێزە نێودەوڵەتییەکان هێرشی ئەنجامدا و هاوڵاتی ئێمەی شەهید کرد، ئەمریکا هیچ قسەیەکی نەبوو.

ساڵح موسلیم سەرنجی بۆ لێدوانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەردۆغان ڕاکێشا، کە دوێنێ ڕایگەیاندبوو "بە هێرشی ئاسمانی سنووردارەوە ناوەستن" و ئاماژەی بەوە کرد "ئەردۆغان ماوەی ساڵێکە هەڕەشە دەکات، پێموایە هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەوە دەزانن کە گەر ئەوە رووبدات، بەرخۆدانێکی گەورە لە دژی هێرشەکان سەر هەڵدەدات، بۆیە ڕێگە نادەن تورکیا لە ڕێگەی وشکانییەوە هێرش بکات.

وتیشی: "ڕەنگە هێزە نێودەوڵەتییەکان ڕێگەیان پێدابێت لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هێرش بکاتە سەر رۆژئاوا، پێموایە ئەردۆغان کارەکان لەسەر خۆی قورس دەکات کاتێک دەڵێت "گەر هێرش بکەین پرس و را بەکەس ناکەین" بەڵام لەبەرئەوەی ئەردۆغان حیسابی ئەوە دەکات چ جۆرە بەرخۆدانێک لە دژی بەرپا دەبێت، هێشتا ئە وهەنگاوەی نەناوە".
"هەڵوێستی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەس نییە".

موسلیم لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا که تا ئێستا هەڵوێستەکان و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا وەک پێویست و بەس نین، تورکیا گوێ بەو هەڵوێستانە نادات و دەست له کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل هەڵناگرێت، ئەو چی لە مێشکی خۆیدا بێت، ئەوە دەکات، دەبێت شێوازی دیکە بەکاربهێنرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانەی تورکیا.

موسلیم لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی داواتان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چییە؟" وتی: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری خۆی بێت، ئەمڕۆ چاوی هەموو کورد لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا قبوڵکراوە، بۆیە چاوی خەڵکی هەر چوار بەشەکەی کوردستانە". 

راشیگەیاند "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگ بێت، ئەوە بۆیان باش نییە، لەم ساتە مێژووییەدا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبستێت، نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوا، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ چەکی کیمیاوی لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت، دەتوانن بە حکومەتی عێراق بڵێن ئەم دڕندەییە بەرامبەر بە گەلی کوردستان ڕابگرن و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بگەیەننە ئاستی نێودەوڵەتی و گەیاندنی دۆسێی ئەم هێرشانە بۆ نێو کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە ئەنجوومەنی ئاسایش-ی نێودەوڵەتی تێبگەیەنرێت. ئەگەر وا بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق جێگەی خۆیان لە نێو گەلی کورددا دەکەنەوە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ستراتیژیی بیر دەکاتەوە، پێویستە ئەوەی ئێمە وتمان، ئەوە بکات، هیوای ئێمە ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت ئومێدی گەلی کوردستان بەبادا ببات.