وریا غەفوریی یاریزانی کورد دەستگیر کرا

کوردستان

24/11/2022‌ 1119 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی ئێران یاریزانە بەناوبانگەکەی تۆپی پێ، وریا غەفوری-یان بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن و ناشرینکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی و بەشداریکردن لە پڕوپاگەندە" دژی دەوڵەت دەستگیرکردووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە دوای مەشق و ڕاهێنانێک بۆ تیمەکەی فولاد خوزستان بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دەسەڵاتی دادوەری، وریا غەفوریی یاریزانی کورد، دەستگیرکراوە.

ئەو یاریزانە تەمەن 35 ساڵەی تۆپی پێ، خەڵکی شاری سنە، پایتەختی پارێزگای کوردستان لە ئێرانە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی بڵاوکردۆتەوە، کە سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس لایکیان کردووە و جلوبەرگی کوردیی لەبەردایە.

کاپتنی پێشووی یانەی ئیستێقلال کە "بەناوبانگترین" تیپی وڵاتەکەیە، لە مانگی تەمموزدا بەهۆی ڕەخنەی دووبارەی لە دەسەڵاتداران ناچاربوو تیپەکەی جێبهێڵێت.


ئێران ماوەیەکە شپۆلێکی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەخۆیەوە دەبینێت لە دوای کۆچی دوایی مەهسا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلول، تەمەن ٢٢ ساڵانی کورد، کە سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق لە تاران گیانیلەدەستدا.