هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر شارپرێس لەکوێوەیەو لەپای چییە؟
داخستنی پەڕەی شارپرێس هەوڵێکە بۆ کپرکردنی دەنگی ئازادو ئازاو بوێر، بەڵام ئێمە کۆڵنادەینو بەردەوامدەبین.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، لەماوەی تەنها 40 چرکەداو دوای چەندین هەوڵی پێشتر، لەلایەن دەستێكی نادیاری دژە ئازادییەوە پەڕەی سەرەکی دەزگای میدیایی شارپرێس لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هاککراو لەکارخرا، ئەم پێشهاتە ئەگەر چی کارێکی لەدەرەوەی سنورەکانی ئازادی ڕادەربڕینو ئازادی میدیابوو، بەڵام کارێکی چاوەڕوانکراوبوو، چونکە لەماوەی یەک ساڵی پێشودا چەند میدیایەکی تری کوردستان هاوشێوەی ئەمکارەیان لەگەڵ کراوەو کەوتونەتەبەر هێرشی ئەلیکترۆنی ئەوکەسانەی کە لەئازادی میدیاو کاری پیشەییو ڕەخنەی میدیایی دەترسنو تێناگەن.
ئێمە لەدەزگای میدیایی شارپرێس پێمانوایە، هێزەکانی دەسەڵات بەرپرسی یەکەمن لەوکارەی بەرامبەرمان کراوەو داتاکانی گەڕاوەی کۆمپانیای فەیسبوک نیشاندەری ئەوەن کە لەناو کوردستانو لەلایەن کەسو گروپی سەر بەهێزەکانی دەسەڵاتەوە چەندینجار هەوڵی هاککردنو دەستگرتن بەسەر پەڕەکانی میدیاکەماندا دراوە، ئەوەشی لای ئێمە ڕونە ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوداو پێشئەوەی ئەمکارەیان سەربگرێت چەندجارێک لەڕێگەی هەژماری تایبەتی شارپرێسو ئیمەیڵی تایبەتمانەوە هەوڵی هاتنە نێو سیستەمی دەزگاکەمان دراوەو هەوڵەکانمان پوچەڵکردۆتەوە بەبەهێزکردنی لایەنی سیکویریتی پەڕەو تۆڕەکانمان، بەڵام ئەوەی دیارە کۆتاجار بەشێوەیەکی زۆر پلان بۆ داڕێژراوترو بەبەرنامەیەکی تۆکمەترەوە کارەکەیان کردوەو توانیویانە دەستبگرن بەسەر پەڕەکەداو لەکاری بخەن.
لەماوەی تەمەنی کارکردنیدا شارپرێس وەک میدیایەکی ئەهلی ئازادو بوێر کاری کردوەو بەزامانێکی پیشەییانە ڕەخنەی لەسیستەمی دەسەڵاتی سیاسیو حزبی هەرێمی کوردستان گرتوە، لەپاڵ گواستنەوەی هەواڵی خێراو متمانە پێکراودا هەمیشە شارپرێس خاوەنی بۆچونو بیرکردنەوەی خۆی بوەو بەشێوەیەکی میدیاییانە بۆچونەکانی بۆ سەرپێخستنی سیستەمێکی حوکمڕانی دروست جێکردۆتەوە.
خوێنەرانو وەرگرانمان شاهیدی ئەوەن کە پاراستنی متمانە لای ئێمە یەکەم کاری لەپێشینەمان بوەو وەرگرانمان کارەکانمان بەمتمانەدا دەناسنەوە.
ئێستاو لەدوای ئەو هێرشەی کراوەتە سەرمانو پەرەکەمان دەستی بەسەرداگیراوە، ئێمە پەیامی بەردەوامیدەدەین بەگوێى وەرگرانمانداو بەڵێندەدەین بەهەمان نەفەسی کارکردن بەردەوامدەبین، لەڕێگەی ماڵپەڕەکەمانو پەڕەی شارپرێس پڵەسەوە بەرهەمە میدیاییەکانمان بڵاودەکەینەوەو وەک جاران بەردەوام بەزمانێکی ڕەخنەیی پیشەییانە کاردەکەینو بەمتمانەوە هەواڵی ڕاستو دروست دەگەیەنین بەوەرگرانمان، چونکە وەرگرانی شارپرێس شیاوی ئەوەن هەمیشە هەواڵو زانیاریی دروستو متمانە پێکراو وەربگرن.
ئەوکەسانەشی کە کارەکەیان کردوە دڵنیادەکەین کە ئێمە یەک هەنگاو لەبیروباوەڕو پەیامی میدیایی خۆمان پاشەکشە ناکەینو بەهیچ هەوڵێک ناتوانن پاشگەزمان بکەنەوە لەو پەیامەی هەڵمانگرتوە بۆ گەیاندنی هەواڵو زانیاریەکانو بڵاوکردنەوەی شرۆڤەو لێکدانەوەی سیاسی بۆ دۆخی سیاسیو حومکڕانی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەگەر تائێستاو دوای 11 ساڵ لەکارکردن لەبیروباوەڕی میدیایی خۆمان لەدۆخە هەستیارەکان پاشەکشەمان نەکردبێت، ئەوا دڵنایبن ئێستاش لەسەر هەمان شێوازی کاری خۆمان بەردەوامدەبینو یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەین، چونکە بۆ ئێمە متمانەی وەرگرانمان لەپێش هەر شتێکەوەیە.
