شارپرێس:
دوای گەشتێکی هەشت مانگی بە دەوری جیهاندا، ئێران سەرکەوتنی گەڕانی دەریایی ٨٦ ڕادەگەیەنێت کە کەشتی جەنگیی "دەنا"ی ئێرانی و فرۆکەهەڵگری ئێرانی "مەکران" بەشداریان تێداکرد، ئێران خۆی ئەم گەشتە بە گەشتێکی مێژوویی سەرکەوتوو ناودەبات.
گەڕانی دەریایی ٨٦ لە ٢٠ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ لە بەندەر عەباسەوە لە باشووری ئێران دەستیپێکرد و بەندەری مۆمبای لە هندستان یەکەم وێستگەی گەشتەکەی بوو بە تێپەڕین بە کەنداوی بەنگالدا بەرەو جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا ئاراستەی گرت، گەڕانەکە بەمشێوەیە لەسەر ڕێگای خۆی بەردەوام بوو، بۆ یەکەم جار لە مێژووی دەریایی ئێران بە سەلامەتی لەڕێی نۆکەندی پەنەماوە کە بە ڕێگایەکی میحوەری بازرگانی واشنتن دادەنرێت، بە زەریای هێمندا تێپەڕی.
سەرباری ئەو بەربەستانەی لەبەردەم گەشتەکەدا دروست دەکران، بەڵام دواتر کەشتییەکانی ئێران گەیشتنە بەندەری ڕیۆ دی جانیرۆ لە بەرازیل، لەو گەشتەدا کە نزیکەی ٦٥ کیلۆمەتری خایاند و بە سێ وێستگەدا تێپەڕی، بەندەری "صەلالە" لە سەڵتەنەی عومان بووە وێستگەی کۆتایی گەڕانەکەی ئێران.
دەسەڵاتدارانی ئێران شانازییەکی زۆر بە سەرکەوتنی ئەم گەشتەوە دەکەن و تیمە دەریاییەکەی ئەم ئەرکەیان ڕاپەڕاند زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لایخۆیەوە شەهرام میرانی، فەرماندەی دەریایی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە دەریاییە سەلماندی کە زۆری هەیە بۆ وتن لە زۆر بواری هەمەچەشندا بەنمونە لە بوارەکانی پزیشکی و سەربازی و تەکنەلۆجی و تەکنیکی و زانستەکانی تەندروستی و زۆر بواری تر.
ئێران خۆی دەڵێت، ئەم ئەرکە ڕەهەندی ستراتیژی و ئەمنی هەیە، چونکە ئەمە یەکەمجارە دوو کەشتی جەنگی ئێران بچنە زەریای هێمنەوە و نزیک ببنەوە لە سنووری ئاویی ئەمریکا.
کەشتی مەکران بە گەورەترین کەشتی جەنگی فڕۆکەهەڵگری ئێران دادەنرێت، دەتوانێت ٥ تا ٧ هێلیکۆپتەر هەڵبگرێت، ئەوە جگە لەوەی هەڵگری مووشەکەکانی کروزە و زیاتر لە ١٠٠ دەریاوان کاری تێدا دەکەن.
لەبارەی کەشتی "دەنا"شەوە، لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ چووە بواری خزمەتەوە لەناو هێزە دەریاییەکانی ئێران، سیستمی دژە ژێردەریایی و سیستمی دیکەی سەربازی تێدایە، دەتوانێت ڕوبەڕوی هەڕەشە دەریایی و ئاسمانییەکانیش ببێتەوە، ئەم کەشتیە فرە ئەرکە و لە دیارترین ئەرکەکانی چاودێریکردن و دۆزینەوە و بەرەنگاربوونەوەیە.
جێی ئاماژەیە ئێران لە پلەی ٣٢هەمیندایە لە لیستی بەهێزترین هێزە دەریاییەکان لە جیهاندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا لە پلەی چوارەمدا دێت، بەنیازیشە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەرکێکی دەریایی لە جەمسەری باشوور ڕابپەڕێنێت.
هەندێک پێیانوایە ئەم کردەوانەی ئێران خۆ نمایشکردن و جەنگی دەروونین دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، بەتایبەت کە ئەمجارەیان کەشتییە جەنگییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لە سنوورە ئاوییەکانی ئەمریکا نزیکبوونەوە.
