ئیلهام ئەحمەد بۆ شارپرێس: بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ سزادانی گروپە چەكدارەكان دروستە

ڕاپۆرت

20/08/2023‌ 2081 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس- كەنداڵ جودی

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات MSD ڕایگەیاند، بەڵگەنامەی سەرپێچییەكان كە ڕۆژانە لە ناوچەداگیركراوەكانی وەك عەفرین ئەنجام دەدرێن، لەبەردەستن ئەوانەش بریتین لە سەرپێچی ڕفاندن، دزی، تاڵانكردن، گۆڕینی دیمۆگرافی و بنیاتنانی گوند لەلایەن دەوڵەتانی دیكەوە كە پشتگیری لە گروپە چەكدارەكان دەكەن، ئەم تاوانانەش بە بڕیارەكەی ئەمریكا كۆتاییان پێنایەت، بەڵام بڕیارێكی دروستە لەم كاتەدا.

پێنجشەممەی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەر گروپی سولەیمان شا كە فەرماندەكەی محەمەد حەسەن جاسم و برا بچووكەكەی وەلید حەسەن جاسم و گروپێكی دیكە بەناوی حەمزە و فەرماندەكەیدا سەپاند، بەهۆی ئەو كارە دژە مرۆییانەی لە دژی كوردانی عەفرین كردوویانە.

لە 2018وە تا ئێستا لەعەفرین زیاتر لە 300 هەزار كورد ئاوارە بوون و لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ هەموو جۆرە پێشێلكاری و تاوانێك بەرامبەر ئەو كوردانە ئەنجام دەدرێت كە تا ئێستاش لە عەفرین ماون.

لە هەرێمی عەفرین هەر گروپێك ناوچەیەكی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و لەوێ هەموو جۆرە تاوانێكی شەڕی دژی كورد ئەنجام دەدەن.

بەر لە بڕیاردانی سزاكانی ئەمریكا، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ وەك هیومان ڕایس وۆچ، لێبوردنی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا لە ڕاپۆرتەكانیاندا پشتڕاستیان كردەوە كە گروپەكان تاوانی جەنگیان لە دژی كوردەكانی سوریا و بەتایبەتی عەفرین ئەنجامداوە و توركیاشیان بەهۆكاری ئەو تاوانە بەبەرپرسیار زانیوە.
 
سەبارەت بەو پرسە و گرنگی بڕیارەكەی ئەمریكا، ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات مەسەدە وەڵامی چەند پرسیارێكی دەزگای مێدیایی شارپرێس-ی دایەوە.

شارپرێس: بڕیاری ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دوو باندی سەر بە دەوڵەتی توركیا لە ڕوانگەی سیاسییەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئیلهام ئەحمەد: هەرچەندە ئەم بڕیارە درەنگ هات، بەڵام بێ گومان ئەم بڕیارە بۆ بەرژەوەندی تەواوی گەلی سوریایە، چونكە خەڵكی سوریا لە ناوچە داگیركراوەكان و ئەو كەسانەی كۆچیان كردووە، گومانیان لە جێبەجێكردنی دادپەروەری هەیە.

هیوادارین ئەم بڕیارە سەرەتایەكی ئومێدبەخش بێت بۆ ئایندەی ئەو ناوچە داگیركراوانە و دەوڵەتی توركیا بەپێی ئەم بڕیارە بەشێوەیەكی گونجاو مامەڵە بكات و سنوورێك بۆ ئەو كارانە دابنێت، هەروەها ئەم بڕیارە دەرفەتێكە بۆ دادپەروەری و گەڕاندنەوەی مافەكان، بە دانانی سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكاریانە لەو ناوچانەی كە توركیا داگیری كردووە، ئەمەش ڕێگە دەدات بە بەهێزكردنی ئەگەرەكانی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكانی نێوان باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و توركیا، لەسەر ئەم بنەمایە، دوایین بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دروستە.

شارپرێس: بەڕێز ئیلهام لە بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكادا هاتووە كە لەو ناوچانەی توركیا داگیری كردوون لە ڕێگەی چەكدارەكانییەوە كردەوەی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، ئایا گەمارۆكانی ئەمریكا بەسە بۆ ڕاگرتنی گۆڕانی دیمۆگرافی لەو ناوچانە؟

ئیلهام ئەحمەد: بێگومان ئەم بڕیارە بە تەنها بەس نییە، ئێمە بەڵگەنامەی ئەو پێشێلكاریانەمان هەیە كە ڕۆژانە لە ناوچە داگیركراوەكان لە عەفرین ئەنجام دەدرێن، وەك پێشێلكارییەكانی ڕفاندن و دزی و تاڵانكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و دروستكردنی گوندەكان لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە پشتیوانی گروپە چەكدارەكان دەكەن، هەر بۆیە دەبینین ڕاگرتنی پێشێلكارییەكان و گۆڕانی دیمۆگرافی پێویستی بە هاودەنگییەكی زیاتر هەیە، كە پێویستە بە جددی سەیری ئازار و مەینەتیەكانی گەلی سوریا بكات و بەتایبەتی ئازار و مەینەتیەكانی كورد لەو ناوچانەی توركیا داگیری كردوون.

شارپرێس: بەڵام بابەتێكی دیكە هەیە كە بێدەنگی نێودەوڵەتی هەیە بەرامبەر بەو كۆچبەرانەی لە ناوچە داگیركراوەكانی توركیاوە هاتوون، وەك كۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا، چونكە هیچ هاوكارییەكیان پێشكەش ناكرێت، یان هیچ بڕیارێك نییە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر خاكەكەیان و كۆتایهاتنی داگیركاری، پرسیارەكەمان ئەوەیە كە ئێوە چۆن سەیری ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە دەكەن؟

ئیلهام ئەحمەد: پشتگوێخستنی نێودەوڵەتی لە ڕووداوەكانی ناوچە داگیركراوەكانی توركیا لە باكووری سوریا، بەهۆی ئامانجە سیاسییەكانی دەرەوەی چوارچێوەی سوریا و پاراستنی هاوسەنگی هێز لە ململانێكانی وەك شەڕی ئۆكرانیا و لایەنە نێودەوڵەتییەكانی دیكەیە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەم بێدەنگییە دەبێتە ئامرازێك بۆ درێژەدان بە ململانێكانی سوریا، بۆیە هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە گرنگی بە چارەسەری لە سوریا نادات، بەربەستێكە لەبەردەم جێبەجێكردنی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چارەسەری ئاشتیانە.

  شارپرێس: دوا پرسیار، چی لە لایەنە سیاسییەكانی سوریا و بەتایبەتی لە ڕۆژاڤای كوردستان دەخوازرێت كە لەبەردەم ئەم كردەوانەدا بوەستن و تا چ ڕادەیەك پێویستە كاربكرێت بۆ ئەوەی ئەم دۆسیەیە بگاتە ڕايگشتی نێودەوڵەتی؟

ئیلهام ئەحمەد: بۆ ئەوەی ئەو شتانە بوەستێنن كە لەوێ ڕوودەدەن، ئەركی هەموو لایەكە هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرایان هەبێت، بەبێ گوێدانە بۆچوونی ئێمە سەبارەت بە سوریا، چونكە ئەم كارە تەنها پەیوەندی بە نەتەوەیەكەوە نییە كە كاریگەری هەبێت، ئەوە پەیوەستە بە هەموو لایەكەوە، لە لایەكی ترەوە دۆزینەوەی چارەسەر لە ڕێگای ئاشتیانە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدایە و پێویستە بەپەلە چارەسەرێك بۆ خاكە داگیركراوەكان بدۆزرێتەوە، لە ئەنجامدا ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییە چالاكەكانی سوریا هەڵوێستیان هەبێت، ئەمە چارەسەرێكی ئاشتیانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بەپەلە