ناكۆكی هەسەدە و ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور لەسەر چییە؟

ڕاپۆرت

28/08/2023‌ 2525 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

گرژییەكان لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دێرزووری خۆرهەڵاتی سووریا  و قەدەغەی هاتووچۆ لەچەند شار و شارۆچكەیەكی دیكەی رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە، ئەم روودوانە دەرئەنجامی سەرهەڵدانی ناكۆكیی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە و ئەنجومەنی سەربازی دێرزوورە كە بەشێكە لە هەسەدە.

ئۆپەراسیۆن لەدێرزوور و قەدەغەی هاتووچۆ لە حەسەكە
شەوی رابردوو هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی بەهاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەرێبەرایەتی ئەمریكا لە ناوچەكانی دێرزوور راگەیاند.

هەسەدە لەبارەی ئامانجەكانی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە دەڵێت: بۆ ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی تیرۆرە لەسەر داوای هاووڵاتییانی ناوچەكە دوای ئەنجامدانی چەندین هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی سنوورەكە، ئەوەش لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەكان بەدیدێت لە لەنێوبردنی تەواوەتی تیرۆر.

هاوكاتی ئەم راگەیەندراوە لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان و چەند ناوچەیەكی دیكە قەدەغەی هاتووچۆ و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ راگەیەندرا.
 
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، هێزەكانی سووریای دیموكرات لەنێو شاری حەسەكە ئەحمەد خەبیل فەرماندەی گشتی ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور و ژمارەیەكی دیكە لە فەرماندەكانی ئەم هێزەیان دەستگیركردووە.

هاوكات لەناوچەكانی سنووری دێرزوور لەلایەن كەسوكاری ئەحمەد خەبیل و هۆزەكەیەوە هێرشی سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات كراوە لەكاردانەوەی دەستگیركردنی ناوبراودا  و شەڕ و تێكهەڵچوون روویداوە، سێ شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور كوژراون و هەسەدە لەناوچەكە ئۆپەراسیۆنی دەستپێكردووە و هێزی دیكەشی لەرەقەوە رەوانەی سنوورەكە كردووە.

بنەڕەتی ناكۆكی هەسەدە و ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور
بەچەند ئاڕاستەیەك باس لەناكۆكییەكانی هەسەدە و ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور دەكرێت، سەرچاوە نزیكەكانی هەسەدە دەڵێن فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور پابەندی فەرمان و بڕیارەكانی هەسەدە نەبووە، بۆیە رێوشوێنی لەدژگیراوەتەبەر و دەستگیركراوە.

بەپێی هەندێك سەرچاوەی دیكە ناكۆكییەكان بۆ ماوەیەكی زووتر دەگەڕێنەوە، كاتێك ئەحمەد خەبیل زۆرتر لە هەزار كەسی لەهۆزەكەی خۆی لە دەرەوەی رێنماییەكانی هەسەدە بە شەڕڤان دامەزراندووە و هەوڵی خۆبەهێزكردنی داوە لەناوچەكانی ژێردەستی خۆیان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی نەوتی تێدایە.

چەند سەرچاوەیەكی دیكە هۆكاری ناكۆكییەكان بۆ بوونی پرسی نەتەوەیی دەگەڕێننەوە، كاتێك ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور كە زۆرینەی عەرەبی ناوچەكەن رەتیانكردووەتەوە هەسەدە كە كورد تێیدا زۆرینە و باڵادەستە بەسەر ناوچەكانی ئەوانەوە باڵادەست بن، بۆیە هەوڵی یاخیبوونیانداوە.

ئەنجومەنی سەربازی دێرزوور لەساڵی 2016 بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش لەلایەن هەسەدە بە فەرماندەیی ئەحمەد خەبیل كە ئەندامی هۆزێكی سنووری دێرزوورە پێكهات.

هەڵوێستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
تا ئێستا گرژییەكان بەردەوامن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستوەردانی كردووە بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە، بەتایبەت كە ئەمریكا خۆی پلانی تازەی بۆ ناوچەكە هەیە، هێزی زۆری رەوانە كردووە و خەریكی مەشق و راهێنانە بە هێزی دیكەی پێكهاتوو لە هاووڵاتیانی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی سووریا.