شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی لهڕۆژئاواى كوردستان ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی دێرهزور لەدژی داعشو بازرگانانی مادە هۆشبەرەکانو ئهوانهى ستەم لەخەڵک دەکەن دەستیپێکردوە.
نورى مهحمود وتهبێژى یهكینهكانى پاراستنى گهل (یهپهگه) لهدیدارێكى شارپرێسدا ڕایگهیاند، "له27ى ئهم مانگهدا هەسەدە بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لەناوچەی دێرەزۆر دەستپێکرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە کە تائێستاش بەردەوامە، زۆرباسو هەڵسەنگاندنی بۆکراوە".
دهشڵێت، "ئەم ئۆپەراسیۆنە دژی کێیە، بۆچی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجامدرا، هەڵوێستی خەڵکی دێرەزۆر بەرامبەر بەم ئۆپەراسیۆنە چییەو لەداهاتودا کاریگەری ئەم ئۆپەراسیۆنە چی دەبێت؟، ئهوه لهداهاتودا وهڵاممان دهستدهكهوێت".

نورى مهحمود وتهبێژى یهپهگه
شارپرێس: بهڕێز مەحمود یەکەم پرسیار ئەوەیە لەدێرەزۆر چی ڕودەدات، ئەم ئۆپەراسیۆنە دژی کێیە؟
مەحمود: دەمێکە پێمان دەوترێت لەدەڤەری دێرەزۆر شانەی داعشو بازرگانی مادەی هۆشبەرو کەسانێک لەحکومەتدا هەنو خهڵك دهچهوسێننهوه، لەسەر ئەو بنەمایە، لە27ى ئاب ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر شانەکانی داعشو بازرگانانی مادە هۆشبەرەکانو کەسانی ناو حکومەت كه ئەرکەکانیان بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاردەهێنن، دەستیپێکردو تائێستاش بهردهوامه.
شارپرێس: ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپەراسیۆنەکەتان چین؟
مەحمود: تائێستا هیچ ئاستەنگێک نییەو دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بهڵام هێشتا لایەنە بیانییەکان هەوڵی دروستکردنی فیتنە دەدەن، بەتایبەت لەڕێگەی کەسایەتییەکانیانەوە کە لەناوچەکانی ژێر داگیرکاری تورکیا یان لەناوچەی ڕژێمی سوریادان، دەمەوێت بڵێم ئەوانەی ئێستا لەدێرەزۆر شەڕی HSD دەکەن، شانەکانی داعشو ئەو تاکانەن کە بازرگانی بەمادەی هۆشبەرەوە دەکەن کە سودیان لەدەسەڵات وەرگرتوە، بەڵام کۆمەڵگهو خەڵکی دێرهزور بەتەواوی لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنەدان.
لەلایەکی ترەوە ئەو چەکدارانەی ئێستا ئەم ئۆپەراسیۆنە بەڕێوەدەبەن، شەڕڤانو فەرماندەی دەڤەری دێرهزورن، واتە خەڵکی دێرهزورن، بۆیە هیچ ئاستەنگێک نییە کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد، تەنها هەوڵماندا ڕێگریی لەشەڕبکەینو بتوانین شانەکانی داعشو بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان بگرین، بەڵام ئەوان پێیانوابوو کە لەڕێگەی شەڕەوە دەتوانن شتێک بکەن، بۆیە شەڕ لەشوێنەکانی دیکە هەڵگیرسا.
شارپرێس: زۆرێک لەهێزو لایەنە ناوخۆییو دەرەکییەکان ئۆپەراسیۆنەکەتان لەدێرەزور بەشەڕی کوردو عەرەب وەسفدەکەن، ئێوە چی بۆ ئەمە دەڵێن؟
مەحمود: ئەوانەی دەیانەوێت ململانێی عەرەبو کورد دروستبکەن، ڕونن، ئەوانهن كه دەیانەوێت پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری شكست پێبهێنن، ئەو پارتانەی نەیانتوانی لەڕێگەی ئابڵوقەی سیاسیو ئابوریو دیپلۆماسییەوە بۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا شکست بەپرۆژەی ئیدارەی خۆسەر بێنن، ئێستا دەیانەوێت لەڕێگەی دروشمە کۆنەکانەوە فیتنەیەک دروستبکەن، بهڵام با هەموان بزانن کە لەدێرهزور هۆزەکانو ئەنجومەنی سەربازیش کە هاوکات بەشێکە لەهەسەدە، خۆیان ئەم ئۆپەراسیۆنە بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەگونجاوزانیو بڕیاریدا پشت بەفەرماندەیی هەسەدە ببەستێتو ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستیپێکرد.
بەشێوەیەکی باش خەڵکی دێرەزور کە لەئەنجومەنی سەربازیدان ئەم ئۆپەراسیۆنەیان لەدژی گەندەڵیو قاچاخچێتی مادەی هۆشبەرو شانەکانی داعش ئەنجامدا، بۆیە ئەوانەی دەڵێن ئەمە شەڕی کوردو عەرەبە، دەمەوێت بڵێم لەدێرەزور کورد نییە، ئەوکەسانەی شەڕدەکەن خەڵکی دێرەزورن، بەپێچەوانەوە شەڕی داعشو گەندەڵییه، ئهوانهى ئهو قسهیه دهكهنو دهیانهوێت فیتنە لەنێوان عەرەبو کورد دروستبکەن، تورکیاو ڕژێمی سوریاو ئێرانن.
شارپرێس: ئەم ئۆپەراسیۆنە چەند ڕۆژی تر بەردەوامدەبێتو تائێستا چەند ئامانجیان بەدەستهێناوە؟
مەحمود: بههۆى ئهوهى ڕوبهڕوبونهوه ڕویداوهو بەشێک لەشانەکانی داعشو بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان چەکیان بەکارهێنا، بۆیە ئێستا خەبات لەدژی ئەوان دەکرێتو شهڕ بهردهوامه، بهڵام بەگشتی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بەدیهاتو ئەم ئۆپەراسیۆنەش تا جێبەجێکردنی ئاسایشو ستراتیژی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور بەردەوامدەبێت.
شارپرێس: دوا پرسیارمان ئهوهیه ئەم ئۆپەراسیۆنە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاسایشی دێرەزور دەبێت؟
مەحمود: وەک دەزانرێت، بونی ئهو گهندهڵكارانهى پێشتر ههموو شتێكیان لهبهرژهوهندى خۆیان كردبوو و ڕێگهیان نهدهدا دۆخی دێرەزور لەڕوی ئابوری، خزمەتگوزاری، ئاسایش، پەروەردە، تەندروستییهوه گەشەبکاتو زەمینەیەکی باشیان بۆ داعش ڕەخساند، بهنهمانى ئهوانه دۆخهكه زۆرباش دهگۆڕێتو ئاسایشیش بهرقهرار دهبێت، بۆیە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەهەموو ڕویەکەوە بۆ خەڵکی دێرهزور باشدەبێت، لەئەنجامدا دێرهزور دەتوانێت سیستەمی کارگێڕیی خۆی بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ڕێکبخات وەک ڕەقەو کۆبانێو قامیشلۆو حهسهكه.
شارپرێس: نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە، سوپاستان دەکەین کە لەم دۆخەدا توانیتان وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە.
مەحمود: ئێمەش سوپاسی ئێوە دەکەین.
