فیلمێکی جیهانیی لەسلێمانی نمایشدەکرێت

هەمەڕەنگ

10/09/2023‌ 653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فیلمی دەرهێنەرێکی لوبنانی کە بەشداریی چەندین فێستیڤاڵی جیهانیی کردوە، لەسلێمانی نمایشدەکرێت.


فیلمی (رێگاکە هەرگیز کۆتایی نایەت)، فیلمێکی دۆکیومێنتاری دەرهێنەری لوبنانی مایکڵ مۆونێسەو لەڕابردودا بەشداریی لەفێستیڤاڵی کان‌و چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا کردوە، وابڕیارە 12ى 9ى 2023 کاتژمێر (3:30) خوله‌كى پاشنیوەڕۆ لەهۆڵی سینەما سالم بەئامادەبوونی بەشێک لەستافی بەرهەمهێنی کارەکە، فیلمەکە نمایش بکرێت.

رێگاکە هەرگیز کۆتایی نایەت، لەفێستیڤاڵی 2023ى کان لەڕۆژی سێهەمدا نمایشکراوەو لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ستایشی بوێری، هێزی گێڕانەوەی وێنە زیندوەكانی ناو فیلمەكەی كراوە.

ڕەخنەگران دەربارەی كارەكە دەڵێن: "فیلمێكە جارێكیتر دەمانخاتەوە بەردەم پیاچونەوەیەكی ئەخلاقی قوڵ بە ڕوانینماندا دەربارەی وڵاتە زلهێزەكان و مامەڵەیان لەگەڵ وڵاتە لاوازەكاندا".

ئەم فیلمە دۆکیومێنتارییە بە سودبینین لە ڤیدیۆی تۆمارکراوی سەروەختی جەنگ و گێڕانەوەی دۆخی زیندووی ئەو کەسانەی کە بەشدار و قوربانیبوون،  دروستكراوە، هاوکات باس لە دوای شەڕی وڵاتەکان، حوکمەتەکان و ژیان و بیرکردنەوەی خەڵک و مامەڵەیان لەگەڵ یەکتری و خودی ژیان دەچێتە کوێوە، بە دیاریکراویش چیرۆکەکە لەبارەی ئەفغانستان و تونس و جەزائیر و لوبنان و عێراقە.

فیلمی (رێگاکە هەرگیز کۆتایی نایەت) فیلمێكی خەمناكە دەربارەی جەنگ و ئاوارەیی و لەدەست دان و شكانی خەونەكان، دەربارەی كۆڵۆنیالیزم.

ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵە پلە یەکەکانی دنیا نمایش کراوە لەوانە  فێستیڤاڵی کان لە 2023و لەفێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی لەندەن‌و لەفێستیڤاڵی لۆس ئەنجلس بۆ فیلمی ئاسیاوی‌و فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵیتی بێنێلەکس‌و فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی ئەمستردام‌و فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی ئاشتی لەقوبروس‌و چەندین فێستیڤاڵی تر، ماوەی فیلمەکە 60 خولەکەو وابڕیارە ڕۆژی 12ى 9ى 2023 كاتژمێر (3:30) لەسینەما سالم نمایشبكرێت.