زێرەڤانی سەربازگەی پارتی ئازادی كوردستانی لە پردێ چۆڵكرد

کوردستان

13/09/2023‌ 4904 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 هێزێكی زێرەڤانی كەمپی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان لە پردێ چۆڵ دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە شارپرێس، هێزێكی زێرەڤانی چوونە سەر بنكەی سەربازی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان  بەسەركردایەتی حوسێن یەزدان پەنا سەرۆكی حیزبەكە لەسنوری پردێ و چۆڵیانكردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، هێزەكەی پارتی ئازادی كوردستان گواستراونەتەوە شوێنی تر و لەوێ دوورخراونەتەوە، ئەوەش بەزۆر نەبووە، بەهەماهەنگی حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی پارتی ئازادی بووە لەپێناو پارێزگاریكردنیان لێیان بووە.

ئەوە هاوكاتە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی باس لەوەدەكەن هێزەكانی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەكان لەسنوری برادۆست و باڵەكایەتیش بنكەكانیان چۆڵكردووە و بەرەو ناو هەرێمی كوردستان كشاونەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جوڵە پێكردنی هێز لەلایەن ئێران بەئاراستەی سنورەكانی هەرێم، عێراقیش جوڵەی بەهێزەكانی كردو هێزێكی زۆر بەرەو سنوری سیدەكان گوازرانەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە، ئێران جوڵەی بەهێزەكانی كردووە بەئاراستەی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەچەكی قورسەوە، ئێوارەی ئەمڕۆش عێراق هێزێكی زۆری پاسەوانی سنوری بەئاراستەی ناوچە سنوریەكانی نێوان هەرێم‌و ئێران جوڵە پێكردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەكی باڵای پاسەوانی سنورەوە بەشارپرێس دراوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێكی زۆر بەئاراستەی سنوری سیدەكان جوڵەیان پێكراوە، لەكاتێكدا كێشەی كەمی هێز لەسنورەكان بوونی نەبووە.