چیتر زەویی بۆ ژیانی مرۆڤ شیاو نییە

هەمەڕەنگ

15/09/2023‌ 1399 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستیی هۆشدارییداوە لەوەی رەنگە هەسارەی زەوی بچێتە دەرەوەی مەودای سەلامەتیی بۆ ژیانی مرۆڤ، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکاریی لە 6 فاکتەر لە کۆی 9 فاکتەر کە سەقامگیریی ژیانی مرۆڤ لەسەر زەویی ڕێکدەخەن.

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە گۆڤاری "نیوزویک"ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، لە کۆی ئەو نۆ ستاندەردەی سنووری سەقامگیریی زەوی ڕێکدەخەن، 6 ستاندەردیان سنوورەکانیان تێپەڕاندووە، ئەمەش وایکردووە زاناکان هۆشداریی بدەن لەوەی زەوی ڕەنگە "لە دەرەوەی بازنەی ژیانی سەلامەت بێت بۆ مرۆڤایەتی".

ئەو نۆ پێوەرەی زانایان لە ساڵی2009ەوە دەستنیشانیان کردووە بریتین لە گۆڕانی کەشوهەوا، هەمەچەشنی بایۆلۆجیی، گۆڕانی سیستەمی زەویی، بەکارهێنانی ئاوی شیرین، سووڕی سروشتیی نایترۆجین و فۆسفات کە لە پێوانەی دەستکرددا بەکاردەهێنرێن، ڕێژەی ماددە کیمیاییە دەستکردەکان کە دەردەدرێنە ناو ژینگە، کەمبوونەوەی ئۆزۆن، تەندرووستیی هەوا و ترشەڵۆکی زەریاکان.

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە توێژەران و زانایان لە گۆڤاریScience Advances ئامادەیان کردووە، سێ ستانداردی کۆتایی هێشتا لە سنووری سەلامەتدان، لە کاتێکدا ئەو شەش ستانداردەی پێش ئەوان تێپەڕێنراون.

زانایان دەڵێن: "زەوی دەتوانێت لەم سنوورانەدا بەرگەی چالاکییەکانی مرۆڤ بگرێت، بەڵام ئەو چالاکییانەی کە سنوورە رێپێدراوەکان تێدەپەڕێنن، لەباریاندا هەیە ببنە هۆی گۆڕانکارییەکی نەگەڕاوە لە توانای زەویی بۆ مانەوە لە مەودای سەلامەت بۆ ژیانی مرۆڤ".

لای خۆیەوە کاترین ڕیچاردسۆن، خانمە زانای سەرەکیی کە هۆشدارییەکەی دەرکردووە و مامۆستای ئۆقیانووسناسیی بایۆلۆجی لە پەیمانگای گڵۆب لە زانکۆی کۆپنهاگن، لە لێدوانێکیدا بۆنیوزویک وتویەتی: ئێمەی مرۆڤ هاوشێوەی هەموو زیندەوەرانی دیکە بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی زەویی دەژین، بەڵام ئەم سەرچاوانە سنووردارن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەزاندنی شەش سنوورەکە بۆ خۆی مەرج نییە بە مانای کارەسات بێت، بەڵام ئاماژەیەکی ئاگادارکردنەوەی ڕوونە، بۆیە دەبێت فشارەکان لەسەر ئەم شەش سنوورە هەسارەییە کەمبکرێنەوە، لەپێناو خۆمان و منداڵەکانماندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "قەیرانەکانی  کەشوهەوا و هەمەچەشنی بایۆلۆجیی کە ئەمڕۆ دەیبینین، ئەوە دەردەخەن کە کاریگەرییە گشتییەکانی مرۆڤایەتیی لەسەر هەسارەکە ئێستا ئەوەندە گەورەن کە بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکانمان بەردەوام بن لە گەشەکردن، دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەسارەکە بە گشتی بەڕێوەببەین".

لەکۆتاییدا وتویەتی: “هیوادارین ئەم توێژینەوە نوێیە ببێتە بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە بۆ زۆر کەس و زیادکردنی گرنگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانمان لەسەرهەسارەی زەویی، بەمەبەستی پاراستنی  ئەو هەلومەرجانەی کەڕێگە بەژیانی کۆمەڵگە مرۆییە پێشکەوتووەکان و پاراستنیان دەدەن".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی