چۆن ئیسرائیل 50 ساڵ پێش ئێستا جیهانی عەرەبیی شۆككرد؟

ڕاپۆرت

11/10/2023‌ 2078 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

چۆن ئیسرائیل ٥٠ ساڵ پێش ئێستا پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزكرد؟ جەنگی ئۆكتۆبەر چی بوو؟

جەنگی یۆم كیپور لە ساڵی ١٩٧٣ كە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكرد، یارمەتی ئیسرائیلی دا پێگەی خۆی وەك هێزی متمانەپێكراوی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێنێت. جەنگی یۆم كیپور بە جەنگی غوفران، جەنگی ڕەمەزان، جەنگی ئۆكتۆبەر، هەروەها بە شەڕی چوارەمی عەرەبی – ئیسرائیلیش ناسراوە.

شەش ساڵ پێشتر و لە هەنگاوێكی چارەنووسسازدا ئیسرائیل لە شەڕێكدا لە دراوسێ عەرەبەكانی بردەوە و نیشانیدا كە دەتوانێت چاودێرێك بێت بۆ ئیمپریالیزمی جیهانی بەتایبەتیش ڕۆژئاوا.

دوای جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل چوار هێندە قەبارەی ئەوكاتەی گەشەی كرد بە دەستبەسەراگرتنی ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٨دا دەستی نەكەوت.

ئەمەش پێكهاتبوو لە نیمچە دوورگەی سینا لە میسر، بەرزاییەكانی جۆلانی سوریا و كەناری ڕۆژئاوا، كەرتی غەززە و قودسی ڕۆژهەڵاتی لەخۆگرتبوو.

تا ساڵی ١٩٧٣ هەردوو میسر و سوریا سەركردەی نوێیان هەبوو، ئەنوەر سەدات لە میسر و حافز ئەسەد لە سوریا. دەبوو بۆ دانیشتووانی خۆیانی بسەلمێنن كە ئامادەن پشتیوانی لە فەلەستینییەكان بكەن و تۆڵەی شكستی ساڵی ١٩٦٧ بكەنەوە.

ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزرا و بە پشتیوانی سەربازی و ئابووریی ئیمپریالیستە ڕۆژئاواییەكان و بە تایبەتی ئەمریكا دەیتوانی بژی.

لە ماوەی ساڵانی شەستەكاندا، بەخشینەكانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل بە تێكڕا ساڵانە ٢١ ملیۆن دۆلار بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٤، ئەو ڕێژەیە بۆ ٤١٧ ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە. ئەم ڕێژەیە لە دوای ساڵی ١٩٧٣ بەرزبوویەوە بۆ ملیارەها دۆلار.

ڕۆڵی نوێی ئیسرائیل زیاتر چەسپی دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٣ جارێكی دیكە لە سوریا و میسری بردەوە. ئیسرائیل ڕەتیكردەوە نیمچە دوورگەی سینا و بەرزاییەكانی جۆلان بداتەوە. لە تۆڵەسەندنەوە هەردوو وڵات هێرشی هەماهەنگیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێكرد، چونكە زۆربەی سوپای ئیسرائیل فێستیڤاڵی جولەكەكانیان یۆم كیپوریان بەڕێوەدەبرد.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، گۆڵدا مائێر بۆ وەرگرتنی یارمەتی ڕووی لە ئەمریكا كرد. سەرۆك ڕیچارد نیكسۆن كەمێك درەنگ یارمەتی سەربازی نارد، چونكە ئەمریكا هەوڵی باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسری دەدا.

بەڵام دواجار نیكسۆن یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل نارد دوای ئەوەی یەكێتی سۆڤیەت پشتیوانی بۆ میسر و سوریا نارد.

ئەوەش سەرەڕای گەمارۆی نەوتی عەرەبی بەسەر ئەمریكا و بەریتانیا و هاوپەیمانەكانی دیكەی ئیسرائیلیشدا بوو. تا كۆتایی ساڵی ١٩٧٤ نرخی نەوت نزیكەی لەسەدا ٣٠٠ بەرزبووەوە، ئەمەش یەكەم شۆكی نەوتی لێكەوتەوە، ئەمەش داڕمانی دارایی لە كۆتاییەكانی ئەو ساڵەدا زیاتر كرد.

ئەو هێزە بەهێزانە یارمەتی ئیسرائیلیان دا كە پاڵ بە هەردوو هێزی سەربازی سوریا و میسر بنێن بۆ دواوە.

شەڕەكە لە ٢٦ی تشرینی یەكەمدا كۆتایی هات و میسر و ئیسرائیل ڕێككەوتن لەسەر ئاگربەست بە نێوەندگیری نەتەوە یەكگرتووەكان. لە كۆتاییدا ئیسرائیل نیمچە دورگەی سینای ڕادەستی میسر كردەوە بەڵام بەرزاییەكانی جۆلانی ڕادەستی سوریا نەكرد.