شارپرێس تاوانەكانی توركیا لەرۆژئاوای كوردستان بەبەڵگە دەكات

ڕاپۆرت

13/10/2023‌ 2415 جار خوێندراوه‌ته‌وه


توركیا زیانی 100 ملیۆن دۆلاری لەرۆژئاوای كوردستان داوە‌و دوو ملیۆن كەسی بێ ئاوو كارەبا كردووە
شارپرێس-كەنداڵ جودی:

لە ئەنجامی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، دەیان كەس گیانیان لەدەستداوە و ژێرخانی ناوچەكەش زیانێكی زۆری بەركەوتووە، دەوڵەتی توركیا لە ٥ی ئۆكتۆبەرەوە هێرشێكی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە و بەگوتەی كاربەدەستانی رۆژئاوای كوردستان زیانی 100 ملیۆن دۆلار لەناوچەكە كەوتووە.

 جێگای سەرنج بوو كە دەوڵەتی توركیا ئەمجارە بە ڕوونی ڕایگەیاند كە ژێرخان و سەرچاوە ئابوورییەكانی ناوچەكانی ڕۆژاڤای كوردستان دەكاتە ئامانج.  ئەمەش ئەوە دەردەخات كە دەوڵەتی توركیا ئامانجی تەنها پارتێكی سیاسی نییە وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكات، بەڵكو ئامانجی سەرەكی ئەمجارە كوردە و دەیەوێت كورد لە خاكی خۆی دەربكات.

 لەو چوارچێوەیەدا، پەیامنێری شارپرێس لە ڕۆژاڤای كوردستان چووە هەموو ئەو شوێنانەی كە دەوڵەتی توركیا كردوونییە ئامانج و هەروەها ژمارەی قوربانیانی بەڵگەدار كردووە.

 ژمارەی قوربانیان
 بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، 9 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، (5 هاووڵاتی لە كۆبانێ، 3 هاووڵاتی لە حەسەكە، 1 هاووڵاتی لە ترپەسی) كە 2 كەسیان ژن بوون.

 هاوكات 10 هاووڵاتی برینداربوون كە 4 منداڵ و 3 ژن بوون.  
جگە لەوەش دەوڵەتی توركیا ناوەندێكی ئەمنی لە باشووری عامودا بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا ٦ ئەندامی هێزە ئەمنییەكان شەهید بوون.

 دەوڵەتی توركیا لە سنوری دێرك لە دژی ناوەندی مەشق و ڕاهێنان كۆمەڵكوژی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٢٩ ئەندامی هێزی دژە ماددەی هۆشبەر شەهید بوون و ٢٨ كەسیش بریندار بوون.

 چەند هێرش ڕووی داوە؟

 لە سەرەتای هێرشەكانەوە تا ئێستا دەوڵەتی توركیا ٢٩ هێرشی لە قامیشلۆ، ٤١ هێرش لە حەسەكە، ٤٨ هێرش لە ناوچەی شەهبا، ١٣ هێرش لە دێرك، ٤٢ هێرش لە عەین عیسا، ٢٥ هێرش لە كۆبانێ، ٧ لە منبج و 4 هێرشی لە گوندەكانی باشووری گرێ سپی ئەنجامداوە.

دەوڵەتی توركیا زۆربەی هێرشەكانی بە فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجام داوە.

 هێرش بۆ سەر ژێرخانی ڕۆژئاوای كوردستان
-لە هەرێمی ترپەسپی، دەوڵەتی توركیا ٧ وێستگە و بیری نەوتی كردە ئامانج و بەتەواوی لە خزمەتگوزاری خستن.  جگە لەوەش دەوڵەتی توركیا وێستگەیەكی كارەبا و كۆگاكانی دانەوێڵەی لە ترپەسپی كردە ئامانج و لە ئەنجامدا كارەبای تەواوی ناوچەی ناوچەكە پچڕا.

 -لە دەڤەری دێرك حكومەتی توركیا وێستگەی سوتەمەنی ناوچەكەی بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا كارەبای تەواوی دێرك بڕدرا و ئێستا وێستگەكە بۆ ماوەیەكی زۆر ناتوانێت غاز دابین بكات.  
هەروەها حكومەتی توركیا وێستگەی گوندی تەقیل پەقلی سەر بە دەڤەری دێركی بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا وێستگەكە لە خزمەتگوزاری دەرچوو.  لە هەمان كاتدا دەوڵەتی توركیا نەخۆشخانەی كۆرۆنای لە شاری دێرك بە تەواوی لەناوبرد كە خزمەتی زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەسی دەكرد.

 - لە شاری قامیشلۆ دەوڵەتی توركیا وێستگەی  سوتەمەنی بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا وێستگەكە لە خزمەتگوزاری  دەرچوو.

 -لە شاری عامودا، دەوڵەتی توركیا كۆگای دانەوێڵە و وێستگەی كارەبای بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا كارەبای عامودا پچڕا.

 -لە ناوچەی عەین عیسا دەوڵەتی توركیا وێستگەی ئاو و وێستگەی سوتەمەنی و كۆگای دانەوێڵەی بۆردومان كرد.

 -لە دەڤەری حەسەكە حكومەتی توركیا وێستگەی كارەبا و وێستگەی ئاو و كارگەی بیناسازی و كەمپی كۆچبەرانی سەرێكانی بۆردومان كرد.

 -حكومەتی توركیا كارگەی بۆیاخی ناوچەی كۆبانێی بۆردومان كرد.

 كاریگەری هێرشەكان
 لە ئەنجامی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، زیاتر لە ٢ ملیۆن كەس بێ ئاو و كارەبان.  لە هەمان كاتدا دەسەڵاتدارانی ئیدارەی خۆسەر بە شارپرێسیان گوت، زیانی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار گەیشتووەتە ژێرخانی ناوچەكە كە دەوڵەتی توركیا كردوویەتیە ئامانج.

 ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە ئامانجگرتنی ژێرخانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە و بڕینی ئاو و كارەبای بە تاوانی جەنگ وەسف كرد، بەڵام سوپاكەی گەورەترین تاوانی جەنگی لە ڕۆژاڤای كوردستان ئەنجامدا و زیاتر لە 2 ملیۆن كەسی بێ ئاو و كارەبای هێشتەوە.

 لای خۆیەوە ئیدارەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوای لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد سەردانی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن و بەدواداچوون بۆ تاوانەكانی جەنگ و كۆمەڵكوژی و پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی توركیا بكەن.