شەڕی غەززە، ئەركە قورسەكەی سودانی لەنێو ئاگر و دوكەڵدا

ڕاپۆرت

25/10/2023‌ 1004 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەگەڵ زۆربوونی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و هاوكاتبوونی لەگەڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا نیگەرانییەكانی خۆیانی لەبارەی ئەو هێرشانە دەربڕی كە دەكرینە سەر هێزەكانیان لە عێراق.

پاتریك رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: ئێمە بەهەموو شێوەیەك دژی ئەو هێرشانە دەوەستینەوە كە دەكرێنە سەر هێزەكانمان و بە گرنگیشی نازانین كە ئایا ئەو هێرشانە بە فەرمانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێت یاخود نا ئەوەی دەمێنێتەوە لە كۆتاییدا بەرپرسیارێتی كاریگەرییەكانی ئەو هێرشانەیە كە تەواوی لە ئەستۆی ئێرانە بەهۆی ئەوەی ئەو گروپانە لەلایەن ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دەكرێن.

هاوكات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە هێزە ئەمنییەكانی راسپارد بەزووترین كات ئەو گروپانە ئاشكرا بكەن كە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

هەرلەو بارەیەوە، لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاندووە: بەتووندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین كە كراونەتە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق لە كاتێكدا ئەوان بە بانگهێشتنامەی فەرمی حكومەت لە وڵاتن و مەشق و راهێنان بە هێزەكانمان دەكەن.

هەموو ئەمانەش لەدوای بڕیارێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دێن كە رۆژی یەكشەممە دەریكرد و تێیدا داوای لە فەرمانبەرە ئاساییەكانی كرد كە لە باڵیۆزخانەكەی لەبەغداد و كونسوڵخانەكەی لە هەولێر بكشێنەوە.

ئەركە قورسەكە

ئیحسان شەمەری، بەڕێوەبەری ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی رایگەیاندووە: ئەو لێدوانەی سودانی لەبارەی هێرشەكانەوە دای بە تایبەتمەندیەتی ئەوەی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، ئەوە دەردەخات كە عێراق لە كێشەیەكی گەورەدایە و سودانیش قەلەقی تەنگی پێهەڵچنیوە لەبەر ئەوەی لەبەرامبەر دوو بژاردەدا وەستاوە، یەكەمیان ئەوەی پشت لەئەمریكا بكات و بێدەنگی بەرامبەر گروپە چەكدارەكانی نزیك چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران هەڵببژێرێت كە ئەمەش داهاتوویەكی باشی بۆ عێراق لێناكەوێتەوە لەگەڵ بژاردەی دووەم كە ئەوەیە سودانی پاڵپشتی ئەمریكا بكات و پشت لە ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگی بكات كە ئەمەشیان بە زیانی خۆی دەشكێتەوە و تەمەنی كابینەكەی درێژە ناكێشێت و بۆ خولی داهاتوش ئەگەری بوونەوەی بە سەرۆك وەزیران زۆر كەم دەبێتەوە.

شەمەری دەڵێت هەردوو بژاردەكە لە زیانی سودانین و لە ئێستادا بە ئەركێكی قورسادا تێدەپەڕێت.

هەر لەو بارەیەوە عەلی بەدیر، چاودێری و شیكەرەوەی سیاسی رایگەیاندووە: بێگومان دەبێت سودانی بژاردەی دووەم هەڵبژێرێت و سەروەری عێراق لەسەروویی هەموو پێگەیەكەوەیە و نابێت وڵات بكرێتە قوربانی بەرژەوەندی تایبەت و پێویستە ئەو حكومەتەی لەناو حكومەتی عێراقدا دروستبووە و حساب بۆ كەس ناكات بوەستێندرێت و بە عێراق قوربانی بۆ وڵاتی دیكە نەدرێت.