ساڵح موسلیم: توركیا هەوڵدەدات زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی زیندانیكراوی داعش لەزیندان رزگاربكات

ڕاپۆرت

27/10/2023‌ 1175 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە رایگەیاند "توركیا ئیگۆرەكانی لەچینەوە هێناوە لەناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێی كردوون بەتایبەت لە عەفرین".

ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەزگای میدیایی شارپرێس لەبارەی هێرشەكانی ئەم دواییەی سوپای توركیاوە دەڵێت :"توركیا ئامانجی لەنێوبردنی گەل و دروستكردنی ناكۆكی لە نێوان گەل و ئیدارەی خۆسەرە لەرێگای لەنێوبردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە"

دەشڵێت "ئەو شتانەی خەڵك لە ئارامی و ئاسایشدا دەهێڵنەوە ژێرخان و ئابوورییە، بۆیە بۆ ئەوەی خەڵك كۆچ بكات، دەوڵەتی توركیا ژێرخان و ئابووریی كردووەتە ئامانج"

ئاماژە بەوەش دەكات"توركیا هەوڵی شكاندنی زیندانەكانی دیلەكانی داعش دەدات و شانەكانی داعش هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ توركیا هەیە و توركیا چەك و پاڵپشتی ماددییان پێدەدات"

رونیشیكردەوە "لە ئێستادا 10-12 هەزار دیلی داعشی هەیە، لە ئێستاشەوە هەوڵی توركیا هەیە، جا لە قامیشلۆ بێت یان لە هەر شوێنێك دیلەكانی داعش هەبێت، هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانە بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتێك بۆ ئەوەی ئەو داعشانە هەڵبێن".