شارپرێس:
ئەندرێی تیاگلنیکۆڤ پزیشکی ڕوسیی دەڵێت، نابێت مرۆڤ دەستبەردای خواردنی نان بێت، لەبەرئەوەی بەسودە بۆ ڕیخۆڵەکانو کۆئەندامی دەمار، هەروەک ڕێنماییشیداوە بەوەی ئەو نانە بخورێت کە لەدانەوێڵەی تەواو دروستکراوە و ڕۆژانەش لە 175 گرام زیاتر نەخورێت.
تیاگلنیکۆڤ بەئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیی وتوە، نابێت بەتەواوی دەستبەرداریی نان بیت، نانی باش ڕیشاڵی خۆراکیی تێدایە کە پێویستمانە بۆ بەکتریا تەندروستەکانی ڕیخۆڵە، ڤیتامینەکانی بی کە کارەکانی کۆئەندامی دەمار ڕێکدەخەن، هەروەک ڤیتامین E کە بەشدارە لەدروستکردنی دی ئێن ئەیو سەقامگیریی خڕۆکە سورەکانی خوێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، نان بەیەکێک لەمادە خۆراکییە گرنگەکان دادەنرێت بۆ خانەو شانەکانی ماسولکە، هاوکات دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێزەو ڕێگرییدەکات لەپیربونی شانەکانی لەش، توخمە گرنگەکانی وەکو مۆلیبدینیۆم، سیلینیۆم، مس، سیلیکۆن، فسفۆر، کۆبالتو زینکو ئەوانی تری بەبڕێکی زۆر تێدایە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتی تەندروستیی ڕوسیا ڕێنماییداوە بەوەی ڕۆژانە لەبەنانکراوە جۆراوجۆرەکان لە 175 گرام زیاتر نەخورێت، بەتایبەتیش ئەوانەی گرفتی کۆئەندامی هەرسیان هەیە دەبێت بەئاگاییەوە نان بخۆن.
بەڵام سودە تەندروستییەکانی نان 100% بەندە بەکوالێتیو بەرهەمهێنانی ئاردەکەوە، پزیشکەکە پێشنیاریکردوە کە گرنگیی بەخواردنی ئەو بەرهەمە نانانە بدرێت کە لەئاردی دانەوێڵەیی تەواوو ئاردی جاودار دروستکراون، هەروەک ئەو بەرهەمانەی لەئاردی سپیی دروستکراون کەمترینیان بخرێتە ناو سیستەمی خۆراکییەوە.
و: ئاکۆ ئاڵی
