شارپرێس:
بەگوێرەی بابەتێکی ڕۆژنامەی The Independentی بەریتانی، زیادکردنی خوێ بۆ ناو خۆراک بەشێوەیەکی بەردەوام، ئەگەری توشبونت بەنەخۆشێی شەکرەی جۆری دوەم زیاد دەکات، ئەوەش لەلایەن نوێترین توێژینەوەی پزیشکییەوە ئاشکراکراوە.
داتاکانی زیاتر لە 400 هەزار کەسی پێگەیشتوو لەبەریتانیا دەریدەخەن ئەوانەی زۆرترین خوێیان خواردوە، ئەگەری توشبونیان بەنەخۆشی شەکرەی جۆری دوەم بەڕێژەی 39% زیاترە لەچاو ئەوانەی کە بەدەگمەن خوێ بەکاردەهێنن، ئەو لێکۆڵینەوەیەش لەگۆڤاری Mayo Clinic Proceedingsدا بڵاوکراوەتەوە.
پرۆفیسۆر لو چی سەرپەرشتیاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە لەکۆلێژی تەندروستیی گشتییو پزیشکیی کەمەرەیی لەزانکۆی تولان لەئەمریکا، دەڵێت، "پێشتر دەزانرا کە سنوردارکردنی بەکاربردنی خوێ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵو خوێنبەرەکانو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەڵام ئەم توێژینەوەیەبۆ یەکەمجار دەریدەخات نەهێشتنی خوێ لەسەر سفرە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لەنەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم بەهەمانشێوە".
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی پێشنیازی ئەوەدەکات کە گەورەکان لەڕۆژێکدا زیاتر لە 6گم (نزیکەی کەوچکێکی چا) خوێ زیاتر نەخۆن.
لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتوە کە ئەوانەی ڕایانگەیاندوە کە "هەندێکجار"، "بەزۆری" یان "هەمیشە" خوێیان بۆ خواردنەکانیان زیادکردوە، ئەگەری توشبونیان بەنەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم بە ڕێژەی 13%، 20%و 39% زیاترە، بەبەراورد بەوانەی کە "هەرگیز ” یان "بەدەگمەن" خوێیان لەخواردنەکانیان کردوە.
تیمەکە ئاماژەیان بەوەشکردوە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتربکرێت بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی خواردنی بڕێکی زۆر خوێ پەیوەندیی بەزیادبونی مەترسیی توشبون بەنەخۆشی شەکرەوە هەیە، بەڵام پرۆفیسۆر چی پێیوایە زیادکردنی خوێ بۆ خۆراک ڕەنگە هانی خەڵک بدات بۆ خواردنی بڕێکی زۆرتر، ئەمەش مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی وەک قەڵەوییو هەوکردنەکان زیاد دەکات.
و: ئاکۆ ئاڵی
