توركیا سەرقاڵی جیهان بەغەززەوە بۆ خێراتركردنی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین دەقۆزێتەوە

ڕاپۆرت

13/11/2023‌ 1338 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس-كەنداڵ جودی:

لە كاتێكدا سەرنجی هەموو جیهان لەسەر شەڕی غەززەیە، بەڵام دەوڵەتی توركیا سوودی لەوە وەرگرت و گۆڕانی دیمۆگرافیای ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانی خێراتركردووە، لەو چوارچێوەیەشدا سود لە چەند رێكخراوێكی فەلەستینی وەردەگرێت.

ناوچەكانی عەفرین كە ناوچەی كوردستانین لە ساڵی 2018دا لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داگیركران. دواتر هەزاران هاووڵاتی كورد كۆچیان كرد و بەشێكیان لە عەفرین مانەوە، ژمارەی ئەو كوردانەی لە عەفرین ماونەتەوە ڕۆژ بە ڕۆژ كەمدەبێتەوە و ئێستاش مەترسی زیاتریان بۆ دروستبووە.

لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی پەیامنێری شارپرێس لە ڕۆژاڤای كوردستان سەبارەت بە ناوچەی عەفرینی داگیركراو، ئەمجارە پێشێلكارییەكانی توركیا لە عەفرین لە مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەمدا  بەدۆكیۆمێنت كران.

مانگی ئەیلول
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتوون، لە مانگی ئەیلولدا، دەوڵەتی توركیا و گروپە چەكدارەكانی، ٥٩ كەسیان لە ناوچەی عەفرین ڕفاندووە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

جگە لەوەش دەوڵەتی توركیا لەم مانگەدا جارێكی دیكە لە ڕێگەی چەكدارەكانییەوە سەدان داری بڕی و دارستانەكانی سووتاند.

هاوكات لە چوارچێوەی گۆڕینی ناسنامەی عەفرین، دروستكردنی گوندی نوێ بۆ عەرەب و توركمان لە دەوروبەری عەفرین بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمجارە دوو ڕێكخراوی ئەمریكی بەشدارییان كرد لە دروستكردنی گوندی نوێ لە عەفرین. بەپێی زانیارییەكان ناوی ئەو ڕێكخراوە ئەمریكیانەی بەشداریان كردووە بریتین لە: ڕێكخراوی هاوكاری و گەشەپێدان و ڕێكخراوی خێرخوازی سێواسیا.

جگە لەوەش لە ناحیەی شێراوا ڕێكخراوی جیهانی بۆ هاوكاری و گەشەپێدان زیاتر لە 100 باڵەخانەی لە چوارچێوەی گۆڕانی دیمۆگرافی ناوچەكەدا دروستكرد.

مانگی تشرینی یەكەم
شارپرێس لە مانگی تشرینی یەكەمدا زانیاری گرنگی لەبارەی پێشێلكارییەكانی توركیا لە عەفرین دەستكەوت. بە پێی ئەم زانیاریانە دەوڵەتی توركیا لەو مانگەدا ٤٨ كوردی خەڵكی عەفرینی ڕفاندووە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، ٤ ژن و ٥ منداڵیش لەنێو ئەو كەسە ڕفێندراوانەدان.

جگە لەوەش دەوڵەتی توركیا دیسانەوە سەدان داری لە تەواوی لادێكانی عەفرین بڕیوە و لە بازاڕەكاندا دەفرۆشرێن. هاوكات دەڤەری عەفرین كە بە داری زەیتون ناسراوە، مانگی دروێنەكردنی زەیتون بووە، بەڵام دەوڵەتی توركیا لە ڕێگەی چەكدارەكانییەوە دەستی بەسەر زۆربەی بەروبوومی زەیتونی خەڵكی عەفرین گرت.

هاوكات لە چوارچێوەی گۆڕینی ناسنامەی عەفرین، لەو مانگەدا چەندین گوند لە عەفرین دروستكران. لەو چوارچێوەیەدا گوندێك بە ناوی "ئەشبەڵ بەیت مەقدەس" لە ناحیەی جندیرێس بە سەرپەرشتی كۆمەڵەیەكی توركیا دروستكرا.

لە كاتێكدا كە شەڕێكی قورس لە شاری غەززەی فەلەستین بەڕێوەدەچێت، رێكخراوێكی فەلەستینی  بەناوی ژیانی بەشكۆ كاری گۆڕینی دیمۆگرافی لە عەفرین و ناوچەداگیركراوەكانی دیكەی رۆژئاڤا دەكات.

ئەم رێكخراوە لە جیاتی ئەوەی بچێتە غەززە و یارمەتی خەڵكی سڤیل بدات، بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی توركیا، گۆڕانكاری دیمۆگرافی لە ناوچە كوردنشینەكانی ڕۆژاڤای كوردستان درێژە پێدەدات.


بەپەلە