بایدن: ترەمپ نەبوایە بۆ خولی دوەمی سەرۆکایەتیی خۆم کاندید نەدەکردەوە

جیهان

07/12/2023‌ 1266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەکۆمەکبەخشانی دیموکراتەکانی ڕاگەیاندوە، بەنیازی ئەوە نەبوە خۆی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی کاندیدبکات، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا کاندیدبونی خۆی ڕانەگەیاندبوایە.


بایدن لە میانی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی پارەدا لەبۆستن بۆ ڕۆژنامەنوسان لێدوانیداوەو وتویەتی، “ئەگەر ترەمپ خۆی کاندید نەکردایە، دڵنیانەبوم کە ئایا خۆم کاندید دەکردەوە”، وتوشیەتی "دیموکراتەکان ناتوانن ڕێگە بەترەمپ بدەن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، بایدن خۆی بەباشترین کەس دەزانێت کە بتوانێت ئەمریکا لەترەمپ بپارێزێت، هەڵبژاردنەکانی داهاتوش وەک بەرگرییەک لەدیموکراسی وێنا دەکات.

بایدن رۆژی سێشەممە ترەمپی بەگەورەترین مەترسیی بونیادی لەسەر سیستەمی دەسەڵاتی ئەمریکا وەسفکردوە، بەوپێیەی خۆی‌و جەماوەرەکەی سورن لەسەر وێرانکردنی دیموکراسییەتی ئەمریکی.

بایدن لەیەکەمین هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارە لەبۆستن هەروەک وتویەتی، "پێموانییە کەس گومانی هەبێت لەوەی دیموکراسی ئێمە زیاتر لەمەترسیدایە وەک لەساڵی 2020دا".

باسی لەوەشکرد، ئەوجارە دژ بەوانەی نکوڵی لەهەڵبژاردنەکان دەکەن خۆی کاندید دەکاتەوە.

بایدن ئەوەشی وتوە، " ترەمپ چیتر ئەو شتانە ناشارێتەوە کە ئێستا لەهەگبەیدایە، پێمان دەڵێت چی دەکات، بەئاشکراش قسە لەسەرئەوە دەکات، لەم ڕۆژانەدا گوێی لێبگرن، ئەو بەدەنگی بەرز وتی کە ساڵی 2024 شەڕی کۆتاییە".