لێکۆڵینەوەیەکی ئەڵمانیی: تەنهایی مەترسییەکی گەورەیە بۆ تەندروستیی

تەندروستی

23/01/2024‌ 1366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گرفتی تەنهایی وای لەهەندێک وڵات کردوە کە دامەزراوەی تایبەت لەسەر ئەم پرسە دروستبکەن‌و هەندێکیش وەزارەتیان بۆ تەنهایی تەرخانکردوە، وەک ئەوەی لەبەریتانیا هەیە.


به‌گوێره‌ى ماڵپەڕی بەرلینەر زایتونگ لەئەڵمانیا، حکومەتی فیدراڵیی لەمدواییانەدا پلانێکی ستراتیژیی پەسەندکردوە کە زیاتر لەسەد ڕێوشوێنی لەخۆگرتوە بۆ بەرەنگاربونەوەی تەنهایی.

بەوتەی سوزان بۆکەر  خانمە پسپۆڕی دەرونناس لەزانکۆی ویتن/هێردێک لەباکوری ڕاین ـ وێستفالیا، تەنهایی مەترسییەکی گەورەیە بۆ تەندروستیی.

توێژەرەکە ئاماژە بەوەدەکات، هۆکارەکانی تەنهایی زۆرجار تاکەکەسییەو ئەستەمە گشتاندنی بۆ بکرێت، هەندێکیان بریتین لەنەبونی پەیوەندیی‌و لاوازیی پەیوەندییەکان‌و نەبونی نزیکیی.

توێژینەوەیەکی زانستیی ئەمریکیی دەریخستوە، هەستکردن بەتەنهایی دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی بەرچاوی ڕێژەی مردن لەماوەی هەشت ساڵدا، بەشێوەیەک توێژەران داتای 9032 بەشداربویان پشکنیوە.

زۆرکەس لەقۆناغە جیاوازەکانی ژیانیاندا بەدەست تەنهایی دەناڵێنن، وەک سەرەتای خوێندن، ڕاهێنان، کارکردن، خانەنشینیی، یان دوای جیابونەوە یان لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانەکەی.

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی بەرلینەر زایتونگ باسی لەوەشکردوە، هەستکردن بەتەنهایی بەردەوام دەبێتە هۆی زیادبونی ڕێژەی مردن لەدواتردا، وەک لەتوێژینەوە ئەمریکییەکە دەریخستوە.

تەنهایی کاریگەریی لەسەر پەستانی خوێن‌و پیربونی یادەوەریی‌و سیستەمی دڵ‌و خوێنبەرەکان دەبێت.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی پێشوتری نزیکەی 150 لێکۆڵینەوەی جیهانیی چەند ساڵێک لەمەوبەر دەریخست کە ئەوکەسانەی هەست بەڕازیبون دەکەن لەکوالێتی‌و چەندایەتیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەتێکڕا تەمەنیان درێژترە.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم دۆخەدا، پسپۆڕان جەخت لەسەر گرنگیی دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لەتەمەنێکی بچوکدا دەکەنەوە کە تا تەمەنی گەورەیی بەردەوامدەبێت، بۆ ئەوەی لەداهاتودا دۆسیەی دۆزینەوەی هاوڕێی نوێ توشی کێشە نەبێت. هەروەک داوادەکەن گەڕان بەدوای هاوڕێیەتی لەناوەوەو دەرەوەی شوێنی کار بەردەوامبێت.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە