بەبڕیاری سودانی تەواوی خاڵە سنوریەکان کۆنترۆڵدەکرێن‌و هەرێمیش دەگرێتەوە

عیراق

25/02/2024‌ 4770 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ستراتیژییەکی گشتگیری ئەمنی بۆ پاراستنی سنورەکانی عێراق جێبەجێدەکرێت‌و ئەو ستراتیژییەش تەنها سنوری تورکیا ناگرێتەوە، ده‌شڵێت:"بەڵکو سنوری هەمو وڵاتانی دراوسێ دەگرێتەوەو ئامانجیش ڕێگریکردنە لەقاچاخ‌و هاتنەوە ناوەوەو چونە دەرەوەی کەسەکان بەشێوەی نایاسایی".


 تەحسین خه‌فاجی وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بەمیدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان‌و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەڕێگەی جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور ستراتیژییەکی گشتگیر جێبەجێدەکات بۆ پاراستنی سنورەکان.

وتیشى:"چەند ئامانجێکی سەرەکی هەیە لەپشت جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژییەوە، پاراستنی سنوریش تەنها تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو هەمو وڵاتانی دراوسێ دەگرێتەوە، بەشێوەیەکی سەرەکیش لەپێناو ڕێگریکردنە لەقاچاخ‌و هاتنە ناوەوە یان چونە دەرەوەی کەسەکان بەشێوەی نایاسایی".

بەپەلە