ئیندپێندنت: هەرێمەکانی عێراق هەنگاوێک بەرەو ڕێنیسانسی وڵات یان دابەشبون؟

عیراق

27/02/2024‌ 853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی عەرەبی لەڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناونیشانی “هەرێمەکانی عێراق... هەنگاوێک بەرەو ڕێنێسانسی وڵات یان دابەشبونی؟”  بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، دابەشبونی عێراق بەسەر چەند هەرێمێکدا گەورەترین نیگەرانیی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی لەدوای ساڵی 2003 پێکهێناوە، بەوپێیەی ڕەتیدەکەنەوە ئەزمونی هەرێمی کوردستان دوبارە بکەنەوە کە لەکۆتایی سەدەی ڕابردودا خۆبەڕێوەبەریی گرتە دەست، وەک دەسەڵاتداران پێیانوایە هەرێمەکان هەڕەشە لەیەکێتیی‌و سەلامەتیی وڵات دەکەن، هەرچەندە دەستور گەرەنتی ئەمەیکردوە.


ڕۆژنامەکە دەڵێت:"لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا بەشێک لەهێزە سیاسییەکان داوای دامەزراندنی هەرێمێکی سوننەیان دەکرد، کە نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین‌و دیالە لەخۆبگرێت، جگە لەناوچەکانی پشتێنەی بەغدا، بەڵام ئەو هەوڵانە لەلایەن چاودێرانی کاروباری عێراقەوە وادەبینرێن کە دورنین لەگەیشتن بەئامانجە سیاسییەکان‌و قازانج‌و دەستکەوتی هەڵبژاردنی دور لەواقیع.

ئاماژەی بەوەشکردوە، خواست‌و ئارەزوی هاوڵاتیان لەپڕۆژەی هەرێمی بەسرە پایتەختی ئابوریی عێراق هەمان شتە کە لەساڵی 2008و ساڵی 2013 شکستیهێنا، کە خاوەنی تاکە بەندەری عێراقەو دیارترین ڕێڕەوی بازرگانییەو نزیکەی لەسەدا 80ی یەدەگی نەوتی وڵاتەکەی هەیە.

ڕاپۆرتەکە ئەوەشیخستۆتەڕوو، لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا عێراق شاهیدی گۆڕانکاریی سیاسیی‌و ئەمنیی‌و ئابوریی زۆر بوە، ئەو ڕێنێسانسەی عێراقییەکان ئاواتەخوازن لەباشترکردنی واقیعی ژیان‌و ئابوری خۆیاندا، بەدینەهاتوە، بەڵکو لەزۆربەی پارێزگاکان خراپتر بوە، کە ئەمە وایکرد بەشێک لەلایەنەکان باس لەپێویستی پێکهێنانی هەرێمەکان بکەن.