سەرۆکی دەستەی وبەرھێنان کاتى تاپۆکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوونى دیاریکرد

کوردستان

28/02/2024‌ 300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەرۆکی دەستەی وبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکاری تازە بۆ تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەرچووە و ئاسانکاری زۆر باش دەکات بۆ تاپۆکردن و دەشڵێت: ھەفتەی داھاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بە سایتى پارتى ڕاگەیاندووە،  لیژنەی ھاوبەشی وەبەرھێنان و شارەوانی و تاپۆ لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پێکھاتوون و ماوەی دوو ساڵە کار دەکەن بۆ ئەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکەن، لیژنەکان کاری  زۆر باشیان ئەنجامداوە و مانگانە چەند ھەزار یەکەیەک تاپۆ دەکەن،.

باسی لەوەشکرد، جگە لەوە ھەر پڕۆژەیەکی وەبەرھێنانیش ٦٠%ی تەواوکرابێت ئەوانیش تاپۆ دەکرێن بۆ ئەوەی نەتوانرێت لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنی پێبکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکاریەکان نەبێت.

سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان وتیشى: لەو بڕیارە مەبەستمانە ئەو خەڵکەی ئەو یەکانە دەکڕن تاپۆی خۆیان ھەبێت و لەسەر ناوی خۆیان بێت، بۆ ئەوەی چیتر گرێبەست نەبێت و ببێتە تاپۆ و بکەوێتە سەر ناوی خۆیان، چونکە لە ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان ڕێکارەکانی تاپۆکردنیش گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و ئاسانکاری زیاتر دەکرێت و ھەفتەی داھاتوو جێبەجێ دەکرێت، ئاسانکاری زۆریش بۆ لیژنەکان دەکات بۆ ئەوەی یەکەکان  لەسەر ناوی خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن.