یەکەم ئۆتۆمبێلی چەماوە بەرهەمدەهێنرێت

هەمەڕەنگ

01/03/2024‌ 870 جار خوێندراوه‌ته‌وه



یەکەم ئۆتۆمبێلی گۆڕاو لە جیهاندا کە لە ڕاستیدا دەتوانێت بچەمێتنرێتەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لەسەر ڕێگا و بانەکان درووستنەبێت، بڕیارە لە هاوینی ئەمساڵدا بخرێتە بازاڕەوە.

ئۆتۆمبێلێکی تەواو کارەبایی ڕەنگە باشترین بژاردە بێت بۆ لێخوڕینی ناو شارەکان، چونکە دەتوانێت بە ئاسانی وەک ماتۆڕسکیلێک لە شوێنە تەنگەکان و پارکەکاندا بچەمێنرێتەوە.

 CT-2 تەنیا نزیکەی 4.5 پێ پانە، بەڵام شێوازی جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ فراوانکردن یان بچووککردنەوەی قەبارەکە بۆ 3.2 پێ، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات لە شوێنی تەنگی وەستانی ئۆتۆمبێلی یان لەسەر شەقامە تەسکەکاندا جێی ببێتەوە، ئەویش بە کەمکردنەوەی ویلبایس کاردەکات، نەک بچووککردنەوەی کابینەکەی ئۆتۆمبێلەکە کە جێگەی شۆفێر و سەرنشینێکی تێدایە.

ئۆتۆمبێلەکە دەتوانێت لە ماوەی پێنج چرکەدا بگاتە خێرایی 55 میل لە کاتژمێرێکدا کاتێک لە گەورەترین دۆخی خۆیدایە، هەروەها لە تەسکترین دۆخی خۆیدا 24 میل لە کاتژمێرێکدا بگات، هەروەها مەودای نێوان 74 بۆ 111 میل دەبڕێت پێش ئەوەی پێویستی بە بارگاویکردنەوە هەبێت.

کۆمپانیای سیتی ترانسفۆرمەری بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلەکە رایگەیاندووە کە ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی تەمموزدا ئۆتۆمبێلی CT-2 لە سەرانسەری جیهاندا بخاتە بازاڕەوە، نرخی ئۆتۆمبێلەکەی 15 هەزار دۆلارە، هەروەکا دەتوانرێت لە سەرانسەری جیهان پێشوەختە داوا بکرێت بە پێشەکی 150 دۆلار.

کۆمپانیاکە هەروەها دەڵێت کە  CT-2 بەهۆی بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت و بچووکی قەبارەکەیەوە بە دۆستی ژینگە دادەنرێت، کۆمپانیاکە دەڵێت بەراورد بە ئۆتۆمبێلە چوار دەرگاکان ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەوان بەڕێژەی لەسەدا 75 کێشی کەمترە، ئەمەش وادەکات دوو ئەوەندە کەمتر وزە بەکاربهێنێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی