قوباد تاڵەبانی: بۆ شەڕی تیرۆر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پێویستە

کوردستان

04/03/2024‌ 340 جار خوێندراوه‌ته‌وه



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ گلین مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ( ٤ی ئاداری ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە کرا. لەم بارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش ئەولەوییەتی سیاسی هەموو لایەنە عێراقییەکان بێت و خۆیان بەدوور بگرن لە هەرچەشنە هەڵوێست و کردارێک کە مەترسی بۆسەر سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکات.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، تیرۆر هێشتا مەترسییەکی جدییە و گروپە تیرۆریستییەکان لە بۆشاییەک دەگەڕێن بۆ خۆڕێکخستنەوە و تێکدانی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە. 

لەم چوارچێوەیەشدا و بۆ بنەبڕکردنی هەڕەشەی تیرۆر جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و دروستکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان.