چوارچێوەی هەماهەنگی و كابینەكەی سوودانی لەژێر مەترسی هەڵوەشانەوەدان

ڕاپۆرت

04/03/2024‌ 2173 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
ناكۆكییەكی زۆر توند لەنێوان خەزعەلی ‌و مالیكی و عامریدا سەریهەڵداوە
داوای دوورخستنەوەی فالح فەیاز فەرماندەی حەشدی شەعبی دەكرێت

   شارپرێس:

 بەهۆی كێبڕكێی توندی هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پۆستی حكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكانی عێراق    ناكۆكی زۆر سەریهەڵداوە، ئەمەش مەترسی لەسەر بەردەوامی یەكڕیزی چوارچێوەكە  و كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانیش دروستكردووە.

فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی فالح فەیاز، ڕووبەڕووی  شەپۆلێكی ڕەخنەی توند دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە لەلایەن هێز و كەسایەتییە عێراقییەكانەوە نەهاتووە كە دژایەتی باڵادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەكەن، بەڵكو لە ناو ئەو بنەماڵە سیاسییە شیعەیەشەوەیە كە خۆی یەكێكە لە ئەندامەكانی، ناكۆكی نێوان سەركردەكان توندتربووە لەگەڵ ململانێكانیان لەسەر پۆستەكان و ئەو كاریگەری و دەستكەوتە ماددیانەی كە پێشكەشی دەكەن.

ئەم ڕەخنانە لەسەر بنەمای كۆبوونەوەی فەیاز بوو چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆكی خێڵێكی سوننە كە تۆمەتبار بوو بە پشتیوانیكردن لەتیرۆر .

 ئەندامی پەرلەمانی عێراق، عەلی توركی جەمالی، داوای دەركردنی فەیاز لە سەرۆكایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد، بەهۆی بەكارهێنانی "تواناكانی ئەو دەزگایە لەڕێگەی دامەزراندنی خەڵكەوە لەم دواییەدا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵك".

ناوبراو لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ئەمە پێشێلكارییەكە كە بەهۆیەوە دەبێت فەیاز ڕەوانەی لیژنەی دەستپاكی بكرێت، تۆمەتباری كرد بەوەی لەم دواییانەدا هەزار و چوار سەد كەسی لە دەرەوەی چوارچێوە ئاساییەكان دامەزراندووە لە ریزەكانی حەشددا.

دیارترین تۆمەت كە ئەو پەرلەمانتارەی نزیك لە  سەركردەی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی، ئاراستەی فەیازی دەكات، ئەوەیە كە پەیوەندی لەگەڵ كەسایەتییەك هەبووە كە پشتیوانی تیرۆر دەكەن ئەویش كۆبوونەوەی بووە لەگەڵ عەلی حاتەم سولەیمان كەسایەتی سوننە لە ئەنبار.

هەروەها سولێمان جگە لەوەی تۆمەتبارە بە سەرهەڵدانی چالاكی تیرۆرستی و توندڕۆیی و دواتر چالاكییەكانی داعش لەخۆرئاوای عێراق لە 2014، بە بەرگریكردن لە دامەزراندنی هەرێمێكیش بۆ سوننەكانی عێراق هاوشێوەی هەرێمی كوردستان ناسراوە.

جەمالی لە پۆستێكدا  دەڵێت، گەورەترین تاوانەكان بە دەست و هاندانی ئەو كەسانە ئەنجامدراون كە لە باوەشیان دەگرن، و ئەوانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە و چاویان پێیاندەكەوێت، دوای ئەوەی بە ئەنقەست هەزاران شەهید و بریندارت لەبیركردووە و بە ڕێكەوت بوویتە سەرۆكی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سەرچاوەكانی داهاتی بوونە میراتێك بۆ تۆ و كەسانی دیكەش.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی بەرپرسی هێزەكانی حەشدی شەعبی ناچاربوو ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی دیدارەكەی فەیاز لەگەڵ سولێمان بڵاوبكاتەوە، ڕایگەیاندووە، كۆبوونەوەكە پلانی بۆ دانەنراوە، و لە سەردانەكەی پێشوودا بە ڕێكەوت ڕوویداوە، گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری عێراقی دادپەروەر بووین، بۆیە ئەگەر كەسێك هەبوو بانگەشەی ئەوە دەكات كەسێك تۆمەتبارە بە تیرۆر، با بەڵگەی ئەوە بخاتەڕوو."

فەیاز، كە سەر بە پارتی دەعوەی ئیسلامییە بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، بە یەكێك لە دیارترین كەسایەتییە ئەمنییەكانی عێراق دادەنرێت، بەو پێیەی پێشتر پۆستی گرنگی هەبووە، وەك پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی،  هەروەها بە نزیكایەتی لە سوپای پاسدارانی ئێران ناسراوە.

چاودێرانی كاروباری عێراق، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی فەیاز كراوە، لەم قۆناغە تایبەتەدا و لە ناو ئەو بنەماڵە سیاسییە شیعەیەی كە سەر بە خۆیەتی، وەك دەركەوتەی چڕبوونەوەی ململانێكانی نێوان پێكهاتەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبینن.

توندترین ململانێ لە نێوان سەرۆكی میلیشیای بەدر، هادی عامری و سەرۆكی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی ڕوویدا و دوای ئەوەی نەتوانرا  حكومەتی ناوخۆیی  دیالە پێكبێت بەهۆی ئەوەی هەردوو عامری و خەزعەلی داوای پۆستی پارێزگاریان بۆ خۆیان كردووە. بەڵام هەڵمەتی دژ بە فەیاز توڕەیی خەزعەلی لە نووری مالیكیش بە ئاشكرا هێنایە ئاراوە، كە  پشكێكی زۆری لە پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی بەدەستهێنا و ئێستا ئاواتەخوازە بە زاڵبوون بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگییدا.

سەرچاوە عێراقییەكان پێیان وابوو كە خەزعەلی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەڵمەتی تۆمەتباركردنی فەیازەوە هەیە، بەو پێیەی ئەو كەسەی كە هەڵمەتەكەی دەستپێكردووە،  پەرلەمانتار جەمالی، كە پێشتر سەر بە فراكسیۆنی سادیقون بووە كە نوێنەرایەتی عەسائیب دەكات.  پێشتر هێرشی توندی میدیایی كردبووە سەر مالیكی و ئەندامانی پارتەكەی.

جەمالی پێشتر درێغی نەكرد لە ئاراستەكردنی ڕەخنەی توند لە سەركردایەتیی مالیكی لە حكومەتی عێراق بۆ ماوەی دوو خولی یەك لە دوای یەك، سەرۆكوەزیرانی پێشووی بە بەرپرسیار زانی لە كەوتنی یەك لەسەر سێی خاكی عێراق بۆ دەستی داعش، ڕوودانی كۆمەڵكوژی سپایكەر لەسەر دەستی ئەندامانی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكە، هەروەها بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە جومگەكانی دەوڵەتدا، و داوای لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرد.

 سەرهەڵدانی شەڕێكی نوێ لە نێوان خەزعەلی و مالیكی، هاوتەریب لەگەڵ شەڕەكانی دیكە، دیارترینیان شەڕی خەزعەلی دژ بە عامری، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و كابینەكەی سوودانی بەهێزتر دەكات.

خەمی پاراستنی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕوونی لە كۆبوونەوەیەكدا دەركەوت كە ڕۆژی یەكشەممە لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە بەڕێوەچوو، ئەمەش مەترسی لەسەر یەكڕیزی چوارچێوەكە دروستكرد و لە پشتیەوە سەقامگیری حكومەتەكەشی خستە ژێر هەڕەشەوە.