بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر هێڵین

کوردستان

04/03/2024‌ 637 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

بافڵ  تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین و دەمانەوێت ژیان و گوزەرانی خەڵك لە هەموو ململانێكان بپارێزین.

 بافڵ  تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێك،  لەكۆبوونەوەكەدا "دۆخی سیاسی، پرسی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان" گفتوگۆی لەبارەوەكراوە.

 سەرۆكی یەكێتی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "دەبێت هەڵبژاردن ببێتە مایەی قووڵكردنەوەی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت".

هەروەها بافڵ تاڵەبانی گوتی، "خەباتی یەكێتی لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەكی گەشترە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە گفتوگۆكانمان بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین و دەمانەوێت ژیان و گوزەرانی خەڵك لە هەموو ململانێكان بپارێزین."