بەتەمەنترین زەیتوونی جیهان لە لوبنان دۆزرایەوە

هەمەڕەنگ

14/03/2024‌ 773 جار خوێندراوه‌ته‌وه


درەختی زەیتون لە وڵاتی لوبنان بەڕێژەیەکی بەرچاو هەیە، بەڵام لە گوندی بشاعەلە، لە ناحیەی بەترون لە باکوری ئەو وڵاتە، دار زەیتوونێکی ئێجگار بەتەمەنی لێیە، بەو پێیەی ڕەنگە تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵ بێت.

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی "ڕەنگە ئەمانە کۆنترین داری زەیتون بن لە جیهاندا" بڵاوکردۆتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دار زەیتونەکانی گوندی بشاعەلە کە بە "زەیتونەکانی نوح" ناسراون.

ناوەکە لە باوەڕی مەسیحییەکانەوە هاتووە کە گوایە  “دوای لافاوە گەورەکە، پێغەمبەر نوح کۆترێکی ناردووە بۆ گەڕان بەدوای وشکانییدا، پێش ئەوەی بە لقێکی زەیتونەوە بگەڕێتەوە.”

بەگوێرەی رۆژنامەکە، زانایان ئاماژەیان بەوە کردووە،  تێکڕای تەمەنی زۆربەی دار زەیتونەکانی شاری بشاعەلە نزیکەی 500 ساڵە، بەڵام دارێکی زەبەلاح کە تیرەکەی نزیکەی 14 پێیە، تەمەنی زیاتر لە هەزار و 100 ساڵە و “بەتەمەنترین دار زەیتوونی جیهان”، ئەوەش بەپێی گۆڤاری “Dendrochronologia.” ی تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە لە دارەکان.

خولیۆ کامارێرۆ پسپۆڕی مێژووی دارەکان بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، دیاریکردنی تەمەنی دار زەیتونەکان جۆرێکە لە ئاڵنگاریی، بەوپێیەی تەمەنی دارەکان بەگشتی ئەڵقەی گەشەکردنی ساڵانە دروستدەکەن، بەڵام ئەم دار زەیتونانە بەزۆری ئەڵقەی ڕێکوپێکیان نییە، ڕوونیشیکردەوە کە "بینینی ئەڵقەکان ئاسان نییە".

کامارێرۆ و کۆمەڵێک توێژەر لە ساڵی 2018 چوونە بشاعەلە، و نمونەی داریان لە 11 دار زەیتون بڕییەوە، دوای ئەوەی مۆڵەتیان لە کەسایەتییە دیارەکانی گوندەکە وەرگرت. توێژەران پلانیان دانابوو کە مێژووی کاربۆن بەکاربهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی تەمەنی هەر دارێک بە پشتبەستن بە نمونەکان.

توێژەران لە ڕێگەی شیکارییەوە خەمڵاندنێکی جێی متمانەیان بۆ تەمەنی 4 دار دەستکەوتووە، کە ئەگەری هەیە تەمەنی 3 دانەیان لە نێوان 500 بۆ 700 ساڵدا بێت، لەکاتێکدا یەکێکیان تەمەنی نزیکەی 1100 ساڵە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی