شارپرێس:
کۆمپانیای ڕۆڵز ڕۆیس پەردەی لەسەر ئۆتۆمبێلێکی ناوازەو دروستکراوی تایبەت بەخۆی لەمۆدێکی “درۆپتایل”ی لوکس لادا کە دەبێتە گرانترین ئۆتۆمبێل لەجیهاندا.
کۆمپانیاکە ئۆتۆمبێلەکەی کە 30 ملیۆن دۆلاری تێچوە ناوناوە "ئاراکادیا"و بەشێوەیەکی ناوازە لەماوەی زیاتر لەچوار ساڵدا دیزاینکراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسایەتییو سەلیقەی ئەو کڕیارە دەوڵەمەندەدا بگونجێت کە ڕۆژی هەینی لەپێشانگهیەکی تایبەتدا لەسەنگافورە نمایشکرا.
ئۆتۆمبیلەکە ئاڵۆزترین کاتژمێری تێدایە لەمێژوی ڕۆڵز ڕۆیسدا کە پێنج مانگی خایاندوە بۆ کۆکردنەوەی، هەروەها پارچەی تایبەتیی دار کە بەرگەی هەموو کەشوهەوایەک دەگرێتو کۆکردنەوەی ههشت هەزار کاتژمێری خایاندوە.
هەروەک ئۆتۆمبێلەکە بزوێنەری 6.6 لیتری دوو تۆربۆ V12ی هەیە کە هێزی 593 ئەسپ بەرهەمدەهێنێت، بەستراوەتەوە بەگێڕبۆکسێکی ئۆتۆماتیکی ههشت نمرەیی کە لەماوەی پێنج چرکەدا خێراییەکی لەسفرهوه دەگاتە 99 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا.
بۆدی ئۆتۆمبێلەکە بەڕەنگێکی سپی لەگەڵ گەردیلەی ئەلەمنیۆمو شوشە تێکەڵکراوە، لەکاتێکدا بەشی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەدوو ڕەنگی تەواو تایبەتمەندی جڵد ڕوپۆشکراوە کە بریتین لەسپیو ڕەنگی ڕەنگی کۆنتراست، لەکاتێکدا بەشەکانی خوارەوەی ڕیشاڵی کاربۆنی بۆ دابینکراوە.
لەبری ئەوەی سەقفێکی گۆڕاوی هەبێت، پانێڵێکی سوکو جیاکەرەوەی هەیە کە دەتوانرێت لەڕۆژانی ساردو تەڕدا بەئۆتۆمبێلەکەوە ببەسترێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، ئەو ئۆتۆمبێلە کە وەک شاکارێک وەسفکراوە، بەوپێیەی یەکێکە لەو سێ ئۆتۆمبێلەی لەسەر یەک پلاتفۆرمی ئەندازیاریی دروستکراون کە بەشێوەیەکی تایبەت دروستکراون، هەرچەندە هەریەکەیان ناوازەیە بەوپێیەی تەرخانکراوە بۆ ئاستێکی توندی دیزاینو جێبەجێکردنی لەسەر داوای خاوەنەکانی.
و: ئاکۆ ئاڵی