شارپرێس:
میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردۆتەوە، بەرپرسێکی حکومیی هیندیی لەپێناو دەرهێنانەوەی مۆبایلە هۆشمەندەکەی لەناو ئاودا، یەکێک لەبەنداوەکانی ئەو وڵاتە بەتاڵدەکات، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی مۆبایلەکە دیکۆمێنتی حکومیی گرنگو هەستیاری لەناودایە، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە بانگەشەکەی ناڕاستە.
ڕوداوەکە بەشێوەیەک بوە، بەرپرسە هیندییەکە ویستویەتی وێنەیەکی سێڵفی بەمۆبایلە سامسۆنگەکەی لەڕۆخ یەکێک لەبەنداوەکان بگرێت، بەڵام مۆبایلەکەی دەکەوێتە ناو ئاوەکەوە، بۆئەوەی بیدۆزێتەوە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ بەتاڵکردنەوەی بەنداوەکەو بەوهۆیەوە دوو ملیۆن لیتر ئاوی بەرداوەتەوەو ماوەی سێ ڕۆژی لەسەریەک ئاو لەبەنداوەکە ڕۆیشتوە.
ئەو بەرپرسە هیندییە کە ناوی "ڕاجیش فیشاو" بوە، پاساوی کارەکەی ئەوەبوە کە مۆبایلەکە بەڵگەنامەی گرنگو هەستیاری حکومیی لەناودا بوە، هەربۆیە لەپێناو وڵاتو هاوڵاتیاندا ویستوویەتی بیدۆزێتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوتوە قسەکەی ناڕاستەو مۆبایلەکە هی ژیانی تایبەتی خۆیەتیو هیچ پەیوەندیی بەکارەکەیەوە نەبوە.
هەرچەندە دوای هەوڵو ماندوبونێکی زۆر توانراوە مۆبایلەکە لەناو بەنداوەکەدا بدۆزرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگهی سەرنجە بەهۆی تەڕبونییەوە نەتوانراوە جارێکی تر بەگەڕبخرێتەوە یان چاکبکرێتەوە.
و: ئاکۆ ئاڵی