پارتەكان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا چاویان لەدەنگی كوردانی عەلەوییە

ڕاپۆرت

29/03/2024‌ 920 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لایەنە كێبڕكێكارەكان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیا كە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەدەن، بەتایبەتی كە ڕەنگە كاریگەریی ئەو گرووپانە یەكلاكەرەوە بێت، وەك دەنگی دەنگدەرانی كورد لەنێویاندا دەنگی كوردە عەلەوییەكان.

دەنگدانی كورد لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی پێشووی توركیا، لە ساڵی 2019، فاكتەرێكی یەكلاكەرەوە بوو، هەروەها بووە هۆی سەركەوتنی كاندیدەكانی ئۆپۆزسیۆن لە شارە گەورەكان كە گرنگترینیان ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەن.

ژمارەی دەنگدەرانی كورد لە توركیا لە نێوان 12-14 لەسەدی كۆی گشتی دەنگدەران دەخەمڵێندرێت، كە ژمارەیان نزیكەی 65 ملیۆن دەنگدەر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا، كە لە ناوچەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا و لە گەڕەكەكانی ناو شارە گەورەكان و بەتایبەتی ئەستەنبوڵ دابەشكراون .

دەم پارتی لە ئێستادا بە گەورەترین پارتی كوردی دادەنرێت و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا، مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، لەژێر ناوی پارتی "چەپی سەوز"، نزیكەی 9%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، كۆی دەنگەكانی پارتەكەش لە هەڵبژاردنەكان لە ٥ ملیۆن دەنگ نزیك بووەوە.

لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨دا، "پارتی دیموكراتی گەلان" كە ناوی پێشووی پارتی دەم بوو، لە سەدا ١١.٧ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەو پێیەی زیاتر لە ٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگیان پێدا.

سەبارەت بە عەلەوییەكانیش، ئەوان ڕێژەیەكی زۆر لە دەنگدەرانی پارتی گەلی كۆماری جەهەپە پێكدەهێنن و ژمارەیان لە توركیا بە نزیكەی 13 ملیۆن كەس دەخەمڵێندرێت، بە گشتی عەلەوییەكان دەنگ دەدەن بە جەهەپە و هیچ دابەشبوونێكی بەرچاو لە نێوانیاندا نییە بەئەوانەشەوە كە كوردن.

لە  هەڵبژاردنەكانی ئێستادا باسكردنی دۆخی توڕەیی لە نێوان دەنگدەرانی عەلەوی  "گەلی كۆماری" هاتەبەرباس، كاتێك بە ڕۆیشتنی كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی پێشووی پارتەكە و هاتنی سەركردایەتییەكی نوێ كە كاریان كرد بۆ تەسفیەكردنی نفوزی سەركردەكانی عەلەوییەكان بەو پێیەی كلیچدار ئۆغلۆ كوردی عەلەوی بوو، هەروەها كەمكردنەوەی كاندیدەكان، ئەمانەش عەلەوییەكانی نیگەران كردووە.

ئێستا ئاكپارتی دەسەڵاتدار لەهەوڵدایە بۆ راكێشانی دەنگی عەلەوییەكان بەوپێیەی رێوڕەسمی عاشوورایان بۆ رێكدەخات و ناوەندی رۆشنبیریان بۆ دەكاتەوە و هەوڵ دەدات كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات.