شارپرێس
دوای ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان جەستەی مرۆڤ لە سەر
شێوازێكی دیاریكراو لە خواردن ڕادێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خواردنی بڕێكی زۆر لە
خۆراك لە ڕۆژانی جەژن و بەتایبەت نانی بەیانی یەكەم ڕۆژ كاریگەری نەرێنی بۆ سەر تەندروستی
مرۆڤ هەبێت ۰
دكتۆر كامەران ڕەسوڵ
ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك چەند ڕێنماییەك بڵاودەكاتەوە.
ــ ڕێنمیاییەكانی خۆراكی تەندروست بۆ جەژنی ڕەمەزان :
۱ ـــ باشتر وایە
نانی بەیانی ڕۆژانی جەژن هەمان خۆراكی پارشێوی مانگی ڕەمەزان یان هاوشێوەی نانی بەیانی
ڕۆژانی پێش ڕەمەزان بێت: وەك نان و ماست ، پەنیر ، هێلكە ، هەوڵ بدرێت خواردنی نەریتی
بەیانی یەكەم ڕۆژ دوا بخرێت و نیوەڕۆ بخورێت ۰
۲ ـــ ئەگەر هاوشێوەی
ساڵانی ڕابردوو بەیانی یەكەم خواردنی جەژن ئامادە كرا، ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكەین :
– خواردنی بڕێكی كەم لە برنج و شلە، هەوڵ بدرێت یەك جۆر شلە بخورێت ۰
– یەك جۆر گۆشت لێ بنرێت یان بخورێت و بڕی كەم و بێ چەوری و بەزی لێ
بخورێت نەوەك گۆشتی سوور و مریشك و قەل هەمووی لە یەك كات ؛ ئەوەی تری هەڵگرە بۆ ژەم
و ڕۆژەكانی دیكە جەژن ، هەڵبەت باشتریشە بیبەخشیت بە خێزانە كەم دەرامەتەكان ۰
– یاخود بەیانیەكەی یەك یان دوو شیش گۆشت یان سینگی مریشك یان جگەری
برژاو بخورێت لە جیاتی برنج و شلە ۰
۳ ـــ خواردنی ژەمی
نیوەڕۆ و ئێوارە لە كاتی خۆی دا ، گرنگە ئێواران خواردنی سووك بخورێت ۰
٤ ـــ خواردنەوەی بڕێكی زۆر لە ئاو لە نێوان
ژەمەكان بەدرێژایی ڕۆژەكە بە تایبەت لەگەڵ بەرز بوونەوەی پلەی گەرما و زیاتر هیلاك
بوون لە چاو ڕۆژانی ڕەمەزان ۰
٥ ـــ خۆت بە دوور بگرە لە خواردنەوەی شەربەتی
گیراوە و خواردنەوە گازییەكان، ئەگەر حەزت لێكرد شەربەتی فرێشی كەم شەكر بخۆرەوە ۰
٦ ـــ دووركەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و
بڕێكی زۆر لە چەرەس ، ئەگەر خواردت بڕێكی كەم لە چەرەسی كاڵ و كەم سوێری بخۆ۰
۷ ـــ خواردنی سەوزە
و میوە زۆر گرنگە بە تایبەت ئەو جۆرانەی بڕێكی زۆر ئاویان تێدایە وەك ترۆزی ، خەیار
، كاڵەك ، مزرە سێو ، شووتی ، قەیسی ، هەوڵ بدە سێ جار لە نێوان ژەمەكان بیان خوێت
، ئەگەر حەزت لە شیرینی بوو، میوەی شیرین بخۆ ۰
۸ ــ تا دەتوانێت
بە پێ سەردانی دراوسێ وكەس و كار و هاوڕێكانت بكە ، بۆ بینینان بچۆ، نەوەك شت
خواردن.
۹ ـــ زۆر گرنگە شەوی
پێش جەژن زوو بخەویت و ڕۆژانی تریش دوور بكەرەوە لە شەونخوونی ، دانیشتنی زۆر بە دیار
تەلەفزێون و ئینتەرنێتەوە ۰
۱۰ ـــ پاڵنەكەوتن
دوای خواردن لانی كەم بۆ ماوەی نیو كاتژمێر ، هەوڵ بدە دوای نان خواردن نەخەویت ،
ئەگەر زۆر خەوت هات پێش بانگی عەسر نیو كاتژمێر بخەوە ۰
۱۱ ـــ ئەگەر چوویت
بۆ سەیران بۆ نان خواردن مەچۆ، بۆ گەڕان و هەڵمژینی هەوای پاك بچۆ ۰
۱۲ ـــ ئەو كەسانەی
نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە زۆر ئاگاداری خواردنی دەرمانەكانیان بن لەكاتی
خۆی دا لەگەڵ پابەند بوون بە پارێزی تایبەت بە نەخۆشییەكانیان ۰
ئەو پزیشكە دەڵێت، تكایە وێنەی خواردن لە تۆڕە
كۆمەڵایەتییەكان بڵاومەكەرەوە، چونكە كەسانێكی زۆر هەن لەم وڵاتە كەم دەرامەت و هەژارن
، هەروەها دەبێتە هاندان بۆ زۆرخۆریی ۰