سەنتەری میترۆ: لەیادی رۆژنامەگەریدا لە هەولێر و سلێمانی بە كۆمەڵ رێگری لە تیمەكانی میدیا دەكرێت

کوردستان

22/04/2024‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەنتەری میترۆ رایگەیاند، لە یادی رۆژنامەگەری كوردییدا لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی، رێگری لە تیمەكانی راگەیاندن كرا روماڵی كۆنگرەیەكی سەندیكای رۆژنامەنووسان و گردبونەوەیەكی رۆشنبیران بكەن.

سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بڕیار بوو ئەمڕۆ لەبەردەم ئۆفیسی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆشنبیرانی شاری سلێمانی نامەیەكی ناڕەزایی لەسەر سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بدەنە نوێنەرایەتی پەرلەمان، بەڵام هێزی ئەمنی رێگری لە گردبونەوەكەو روماڵ بكرێت ، تەنانەت یەك وێنەش بچركێت.



لەیادی رۆژنامەگەریدا
لە هەولێر و سلێمانی بە كۆمەڵ رێگری لە تیمەكانی میدیا دەكرێت

22ی نیسانی 2024: لە یادی رۆژنامەگەری كوردییدا لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی، رێگری لە تیمەكانی راگەیاندن كرا روماڵی كۆنگرەیەكی سەندیكای رۆژنامەنووسان و گردبونەوەیەكی رۆشنبیران بكەن.

بڕیار بوو ئەمڕۆ لەبەردەم ئۆفیسی سلێمانی ئەنحومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆشنبیرانی شاری سلێمانی نامەیەكی ناڕەزایی لەسەر سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بدەنە نوێنەرایەتی پەرلەمان، بەڵام هێزی ئەمنی رێگری لە گردبونەوەكەو روماڵ بكرێت ، تەنانەت یەك وێنەش بچركێت.

هەر ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەچوو كە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان رێكیان خستبوو، رێگری لە تیمەكانی راگەیاندن كرا بچنە هۆڵی كۆنگرەكە.

ئەم رێگرییانە لە تیمەكانی راگەیاندن لە كاتێكدایە، كە زۆربەی دەستەبژێری سیاسی هەرێم لە بروسكەكانیاندا بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی جەختیان لە پاراستنی ئازادی كاری رۆژنامەنوسی كردوە.
میترۆ وێڕای سەركۆنەكردنی هەموو جۆرە رێگری و جیاوازییەك بەرامبەر پەیامنێرانی كەناڵەكانی راگەیاندن داوا لە هەموو ئەو سەركردانە دەكات كە پیرۆزباییان لە رۆژنامەنووسان كردوە، بە پەیامەكانیاندا بچنەوە، وەڵامی پرسیارێكی سادەمان بدەوە:

ئایا پەیامەكانتان لەگەڵ ئەو رەفتارانەی هێزە ئەمنییەكان دەگونجێت؟