روكەن مەلا ئیبراهیم بۆ شارپرێس: دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان پەیوەندی بە گووشارەكانی توركیاوە نییە

ڕاپۆرت

09/06/2024‌ 842 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس-كەنداڵ جودی:

 ڕوكەن مەلا ئیبراهیم هاوسەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی داواكاریی لایەنە سیاسییەكان، هەڵبژاردن بۆ مانگی ئاب دواخرا و دواخستنەكە هیچ پەیوەندییەكی بە هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیاوە نییە.

لە ڕۆژاڤای كوردستان و باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بڕیار بوو لە 11ی حوزەیران هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئەنجام بدرێت. بەڵام دوای ڕاگەیاندنی كاتی هەڵبژاردن و ئامادەكاری بۆ ئەمە، ئەم بابەتە بوو بە رۆژەڤی ناوچەیی  و نێودەوڵەتی.

 دەوڵەتی  توركیا و سەرۆكی مەهەپە  هێرشیان كردە سەر ئەو هەڵبژاردنانە و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە ئەم هەڵبژاردنانە مەترسی لەسەر ئاسایشی توركیا دروست دەكەن. 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند كە كاتی ئەم هەڵبژاردنانە گونجاو نییە.

رۆژی ٦ی حوزەیران، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لێدوانێكی دا و ڕایگەیاند كە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بۆ مانگی ئاب  دواخراوە.

 لەوبارەیەوە هاوسەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوكەن مەلا ئیبراهیم بۆ شارپرێس گوتی "ئەو لایەنە سیاسیانەی كە بەشداری ئەو هەڵبژاردنانە دەكەن، ژمارەیان زیاتر لە 25 لایەن بووە و لەرێگای  ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (MSD)، داوایان لێكردووین كە پێویستە هەڵبژاردن دوابخرێت، لەگەڵ ئەو لایەنانە دانیشتین و داواكارییەكانیان جێبەجێ كرا، چونكە ئەوان بە باشی ئامادە نەبوون بۆ ئەم هەڵبژاردنانە، بەهۆی ئەو هۆكارانە بەتایبەت لەسەر داوای لایەنە سیاسییەكان بڕیاردرا هەڵبژاردنەكان بۆ مانگی ٨ دوابخرێت".

سەبارەت بە پرسیاری ئایا دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بە هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیاوە هەیە؟ ڕوكەن مەلا ئیبراهیم لە وەڵامدا دەڵێت: هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا لە ڕابردوو و تا ئێستا نەوەستاون و هەمیشە هێرش دەكەنە سەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بۆیە دواخستنی ئەو هەڵبژاردنانە هیچ پەیوەندییەكی بە هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیاوە نییە.

 لە درێژەی قسەكانیدا ئەو بەرپرسە دەڵێت "دەوڵەتی توركیا بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەم هەڵبژاردنە سوریا دابەش دەكات، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، ئیدارەی خۆسەر هەرگیز نەیگوتووە كە دەیەوێت سوریا دابەش بكرێت، چونكە هەمیشە خۆی بە بەشێك لە سوریا دەبینێت".

هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: "ئەوەی ئێستا سوریا دابەش دەكات، دەوڵەتی توركیایە، بۆ نموونە، كە چەندین ناوچەی سوریای داگیركردووە وەك عەفرین، ئیدلب و هتد".

لە كۆتایی قسەكانیدا، هاوسەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن بگەنە هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان، بۆ ئەوەی بتوانن بێن و ڕەچاوی هەڵبژاردنەكان لە مانگی ئابدا بكەن.