وتەبێژی وەزارەتی دارایی رونکردنەوە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی دەدات

کوردستان

17/06/2024‌ 4446 جار خوێندراوه‌ته‌وه



وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە پشتڕاستدەکاتەوە کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی دەکەن لە حزبەکەی و دەڵێت، "بەڵێ ڕاستە جەنابی وەزیر سێ جار بەفەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر بڕیارەکەی."

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " کاک ئاوات لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا سێ جار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە، دوایەمین جار لەمانگی یەکی 2023 بووە، نەمبیستووە لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا لەو هەڵوێستەی پەشیمان بوبێتەوە و تا ئێستا لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی سوورە کەدەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت."

وتیشی،" داوای لەدەستلەکارکێشانەوەکەی هەم لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەم لە حکومەتیشە، هۆکارەکەشی دەتوانن لەخۆی بپرسن لەوانەیە بەدەقیقی وەڵامی ئەو پرسیارەم لانەبێت."

لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بزووتنەوەی گۆڕان چوار وەزارەتی وەرگرتووە کە پێکهاتوون لە وەزارەتەکانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.