سامسۆنگ پێڵاوێکی زیرەک دەخاتە بازاڕەوە کە پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامدەدات

هەمەڕەنگ

19/06/2024‌ 484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای سامسۆنگی کۆریای باشوور پەردەی لەسەر پێڵاوێکی وەرزشی زیرەک لادا کە توانای ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی یان ژەنینی مۆسیقای هەیە بە بەکارهێنانی جوڵەی پێیەکان.


سامسۆنگ بەرهەمە نوێیەکەی بە "پێڵاوی داهاتوو" وەسف کردووە و وەشانە سنووردارەکانی لە ژێر ناوی "Shortcut Sneakers" دەخاتە بازاڕەوە.

پێڵاوەکە ڕێگە بە خاوەنەکەی دەدات لە ڕێگەی جوڵەیەکی سادەی پێیەوە لەکاتی لەبەرکردنیدا فەرمانەکان لەسەر مۆبایلەکانی سامسۆنگ گالاکسی جێبەجێ بکات.

ئەم پێڵاوە لە ئەنجامی هاوکاریی نێوان کۆمپانیای سامسۆنگ و کۆمپانیای Elitac Wearables و دیزاینەری پێڵاوی وەرزشیی Roll Van Hove  بەرهەمهاتووە.

سامسۆنگ هەستەوەری جوڵەی لە بنی پێڵاوەکەدا داناوە، ئەمەش وایکردووە بە وردییەکی زۆرەوە شوێنپێی جوڵەی لەبەرکەر و شوێنی پێیەکانی بگرێت.

پێڵاوی Shortcut Shoes  پشتگیریی لە شەش جوڵەی جیاواز دەکات، کە دەتوانرێت بەسترێتەوە بە شەش کردارە جیاوازەکانی مۆبایلە زیرەکەکان، وەک پەیوەندییکردن یان ژەنینی مۆسیقا بۆ نموونە بە فشاردان لەسەر پێڵاوەکە دووجار.

سامسۆنگ ئامانجی ئەوە نییە بچێتە ناو بازاڕی پێڵاوی زیرەکەوە، بەو پێیەی پێڵاوە نوێیەکە تەنها بە 6 جووت بەردەستە، بە تایبەتیی وەک خەڵاتێک بۆ براوەی پێشبڕکێیەک دروستکراوە کە کۆمپانیاکە لە هۆڵەندا لە 15ی تەمووز  بەڕێوەی دەبات.

و: ئاکۆ ئاڵی