ئەمریکا په‌یامێك ئاراسته‌ى حکومەتی نوێی ئێران ده‌كات

جیهان

10/07/2024‌ 1360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵسوکەوتی ئێراندا ناکات لەدوای هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیانی ڕیفۆرمخواز بۆ سەرۆک کۆماری ئێران.


جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا ئامادەنییە گفتوگۆی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران لەسەردەمی سەرۆک کۆماری نوێدا دەستپێبکاتەوە.

پێشترو ڕۆژی دوشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندبوو، چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەک لەسیاسەتی ئێران لەدوای هەڵبژاردنی پزیشکیان ناکات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم پێشهاتە ئاسۆی دەستپێکردنەوەی دیالۆگ بەرزناکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر لەبەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان وتویەتی، “پێشبینی ناکەین ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لەئاراستەو سیاسەتەکانی ئێراندا”.

لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا دوای ئەوەهات، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، ڕۆژی دوشەممە پەیامێکی ئاراستەی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان کردو جەختی لەوەکردەوە، پشتیوانیی حکومەتەکەی بۆ ئەو گروپانەی کە ناوی لێناون “گرووپەکانی مقاوەمە” بەتوندی بەردەوامدەبێت.

پزیشکیان لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پشتیوانیی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی دەکات.