بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە بە دەستبەرداربوونی دەسەڵاتەكەی لە كەرتی غەززە رازی بووە.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی راگیرانی شەڕ لە غەززە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە لە قۆناغی دووهەمدا هەردوولایەنی شەڕ ئیسرائیل و حەماس لە دەسەڵاتی كەرتی غەززە دووردەخرێنەوە و هەردوولا بەوە قایل بوون.
هەردوولایەنی ئیسرائیل و حەماس ئاماژەیان بە قبوڵكردنی پلانی "حوكمڕانی كاتی" كردووە كە لە قۆناغی دووەمەوە دەست پێدەكات، كە تێیدا نە حەماس و نە ئیسرائیل حوكمی غەززە ناكەن، بەڵكو هێزێك كە لەلایەن ئەمریكاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەكرێت و هاوپەیمانانی میانڕەوی عەرەبی پشتیوانیان لێدەكات غەززە دەگرنەدەست.
ئەم هێزە نزیكەی ٢٥٠٠ لایەنگری دەسەڵاتی فەلەستین لە غەززە لەخۆی دەگرێت كە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە پشكنینیان بۆ كراوەو ئاسایش دابین دەكەن.
بەرپرسێكی ئەمریكی دەڵێت، حەماس نێوەندگرانی ئاگاداركردەوە كە "ئامادەیە دەستبەرداری دەسەڵاتە لە بەرژەوەندی ڕێكخستنی حوكمڕانی كاتی" ببێت.