میدیای ئیسرائیلی: بەهۆی جەنگی غەززەوە دەیان هەزار کۆمپانیا لەئیسرائیل داخراون

جیهان

14/07/2024‌ 328 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی “مەعاریڤ”عیبری بڵاویکردەوە، لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی کەرتی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، 46 هەزار کۆمپانیای ئیسرائیلی داخراون، پێشبینیشدەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە بۆ 60 هەزار کۆمپانیا بەرزبێتەوە.


ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە، لەسەرەتای جەنگەوە 46 هەزار کۆمپانیای ئیسرائیلی داخراون، بەگوێره‌ى کۆمپانیای زانیاریی بازرگانیی کۆفاس بیدی کە ماوەی 35 ساڵە زانیاریی بازرگانیی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیی قەرز دابیندەکات‌و کار لەسەر شیکردنەوەو پۆلێنکردنی هەموو کۆمپانیاو دامەزراوە ئابورییەکانی ئیسرائیل دەکات لەسەر زاری یۆئێل ئەمیر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە گواستویەتییەوە کە دەڵێت:“ئەمە ژمارەیەکی زۆر بەرزە کە زۆر کەرت لەخۆدەگرێت”.

ڕونیشیکردەوە، نزیکەی 77%ی ئەو کۆمپانیایانەی لە سەرەتای جەنگەوە داخراون، کە نزیکەی 35 هەزار کۆمپانیای ئیسرائیلین یان لەئیسرائیل کاردەکەن، کۆمپانیای بچوکن‌و لەئابوریی ئیسرائیلدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئاشکراکراوە، کەرتی بیناسازیی نزیکەی 27%، کەرتی خزمەتگوزاریی نزیکەی 19% زیانی بەرکەوتوە، لەکاتێکدا کەرتی پیشەسازیی‌و کشتوکاڵ نزیکەی 17% زیانی بەرکەوتوە، هەروەک کەرتی بازرگانیش نزیکەی 12% زیانی بەرکەوتوە، پیشەسازیی تەکنەلۆژیای بەرزو تەکنەلۆژیا پێشکەوتوەکان نزیکەی 11% کاریگەری لەسەر بوە، هەروەها پیشەسازیی خۆراک‌و خواردنەوەش نزیکەی 6% کاریگەری لەسەربوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان ڕوبەڕوی ئاڵنگاری زۆر سەخت دەبنەوە بەهۆی کەمیی هێزی کار، دابەزینی فرۆش، ژینگەیەکی بەرزی ڕێژەی سودو تێچوی دارایی بەرز، کێشەی گواستنەوەو لۆجستی، کەمیی کەرەستەی خاوو دەستنەگەیشتن بەزەوییە کشتوکاڵییەکان لەناوچەکانی شەڕدا.