شارپرێس
جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، هێشتا تیرۆر
هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق و دڵنیایی دەدات لەوەى، هەوڵەکانیان بەردەوام
دەبن تا دواین تیرۆریست بە سزای خۆی دەگەیەنن.
لەسەر ڕووبەڕووبونەوەى ئاسایش و چەند چەکدارێکى
داعش لە سنورى ناحەى قەرەهەنجیر، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕاگەیەندراوێکى
بڵاوکردەوە و دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هۆشیاری و هەوڵە
بەردەوامەکانی هێزەکانی ئاسایش و هەموو هێزە ئەمنییەکانی کوردستانەوە لە ئاستێکی زۆر
باشدا توانراوە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی
جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق.
جێگرى سەرۆکى حکومەت ڕایگەیاندووە، هەموولایەک
دڵنیا دەکەنەوە هێزەکانیان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا دواین تیرۆریست بە سزای
خۆی دەگەیەنن.
بەیانى ئەمڕۆ لە سنورى ناحیەى قەرەهەنجیر، چەند
چەکدارێکى داعش ڕووبەڕووى هێزەکانى ئاسایش بونەوە و بەوهۆیەوە کارمەندێکى ئاسایش شەهیدبوو،
دوو چەکدارى داعش کوژران و چەکدارێکیش برینداربوو.