پشکۆ جمال
پێناسەی ھێنری کسنجەر
زۆر دەقیقە بۆ دیپلۆماسیەت کە ھەم ھەڵگیرسانی ھێزەو ھەمیش سنووردارکردنی ھێزە، سەرۆک
نێچیرڤان بارزانی لەم پێنج ساڵەدا لەو کاتەی ھەرێم لە نێو ماڵی خۆیدا پەرتەوازەبوو،
دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی ھۆکاربوو بۆ بەھێزکردنی پێگەی ھەرێم بەرامبەر سەرجەم
ئەو فشارانەی خرابوونە سەر ھەرێم لە دەرەوەی دەسەڵاتی ھەرێمدا، چونکە زۆر بەخێرایی
توانی ھاوسەنگی ئیقلیمی رابگرێ، لەو کاتەیشی لەناوخۆی ھەرێمدا فشاری سیاسی ھێزەکان
لەسەر یەکتر بەرەو گرژی و پەکخستنی ھەڵبژاردن و توندوتیژی ھەنگاوی دەنا، ئەم دیپلۆماسیەتە
ھۆکاربوو کە ئەو ھێزانە کۆنتڕۆڵ بکات و نەھێڵی ئەم گرژییە دەسکەوتەکانی گەلی
کوردستان و خەڵک لەبارببات.
کەوایە دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان
بارزانی وەک ھێنری کیسنجەر تەعریفی کردووە، ھەم ھەڵگیرسانی ھێزە بۆ قەورەی ھەرێم و
ھەمیش کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ھێزانەیشە کە لەناوخۆ دەیانەوێ گرژی دروست بکەن.
ھەروەھا لەماوەی
رابردوو ھەولێر لە سێرەی درۆن و مووشەکدا بوو، ھێزە سیاسییەکان دەیانگوت تاکە رێگا
بریتییە لە پێدانی چەکی پێشکەوتووبە ھەرێم، تا بتوانێ خۆی لە ھێرشی درۆن و مووشەک
بپارێڕێ، بەڵام ئەمە چارەسەر نەبوو، یەک جوڵەی دیپلۆماسی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران
و بەغدا، گەورەترین دیپلۆماسیەت و پاتریۆتی بەھێزبوو کە ھەرچی درۆن و مووشەکە ئیتر
نەماو بەبێ ئەوەی ھەرێم چەکی پاتریۆتی پێبدرێ، ئەم سەردانە گەمارۆی ئاسمانی بە
مووشەک و درۆن بۆسەر ھەولێر شکاند.
سەرۆکی ھەرێم لە ئێران
توانی نیگەرانی ئێران نەھێڵێ، لە بەغدا توانی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بە ئامانج
بگەیەنێت و لەناوخۆی کوردستانیش توانی قەوارەی خەڵک کە ھەرێمی کوردستانە، نەخاتە ژێر
گرژی سیاسی ھێزە سیاسییەکان و کۆڵی نەدا تا ئەم مەترسیانەی نەھێشتن.
