نوێنەری زیندانیانی بادینان: لەهەولێر ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی 20 سیخوڕ کراوە

کوردستان

28/07/2024‌ 1544 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "پارتی ٢٠ سیخوڕی ئێران بە نھێنی ئازاد دەکات و رێگرە لە پرۆسەی ئازادکردنی زیندانیانی بادینان".
 
ئەیهان سەعیدا لەڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "رۆژی شەممەی ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەپێی ڕێککەوتنێکی نهێنی- سیاسی نێوان ئێران و پارتی ٢٠ سزادراوی ئێرانی کە بە تۆمەتی ھێرشکردن بۆ سەر ھەولێر، ھاوپەیمانان و سیخۆریکردن سزای قۆڕس درابوون ئازاد کران ھاوکات دوو دەستگیرکراو بە ناوەکانی (حەیدەر کاتیوشا و ئەحمەد سەلیم)ی سەر بە حەشدی شەعبی کە بە تۆمەتی ھێرشی درۆنی بۆ سەر ھەولێر کە زیانی گیانی لێکەوتبوو ئازادکراون، سەرباری بوونی ھەواڵگیری تورکیا و ئەنجامدانی کردەی تیرۆری سیاسی بکوژان دەستگیرناکرێن، هیچ سیخوڕێکی ئێرانیش لە زیندانەکانی پارتی دا حوکمەکەی تەواو ناکات دوای ماوەیەکی کەم ئازاد دەکرێن لە کاتێکدا بەشێکیان سزای زیندانی ھەتا ھەتاییان ھەیە".

دەشڵێت "ئازادکردنی سیخوڕی وڵاتان لەدەرەوەی ئیرادە و بڕیاری دادگاکان کە لە تاوانی گەورەدا تێوەگڵاون لە کاتێکدایە لەسەر دوسیەی زیندانیانی بادینان ڕای گشتی نێوخۆ، رێکخراوە جیھانیەکانی مافی مرۆڤ و یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکا داوای ئازادکردنیان دەکرد لەبری ئازادکردنیان دوای تەواوکردنی حوکمەکەیان و مافە یاساییەکانیان پێنادرێت و  لەمپەر و کێشە بۆیان دروست دەکرێن و تائێستاش هەریەکە لە شێروان شێروانی، قارەمان شوکری و سلێمان ئەحمەد لە زینداندان و دیار نیە ئازاد دەکرێن یاخود سیناریوی تر بۆیان دروست دەکرێت کە پێویست بوو وەک مافێکی یاسایی بەپێ ماددەی ٣٣١ لە ئازادبوونی مەرجدار  ئێستا ئازادکرابان".

هەروەها ئەیهان سەعید وتی "داوا لە ڕای گشتی و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەکەینەوە بەرامبەر ڕێککەوتنە ژێر بە ژێرەکانی پارتی لەگەل ئێران و گروپە چەدارەکانی لەیاسا دەرچوو ھەلوێستیان ھەبێت، ئازادکردنی تاوانباران لە بەرامبەردا زیندانیکردنی رۆژنامەنوس و چاڵاکانی مەدەنی بە تۆمەتی بێ بنەما مەترسین لەسەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و  دیموکراسی و بۆ چەندین جارە پارتی لە ڕێگای بەکارھێنانی دادگاکان چەندین سزادراوی دوسیەی تیرور و کردەوەی تۆندڕەوی ئازادکردوون".