مام جەلال داوای لە خومەینی کرد بارزانییەکان بگرێت و دادگاییان بکات.. پارتی چی بۆ قەرارگەی ڕەمەزان کرد؟

ڕاپۆرت

04/08/2024‌ 2516 جار خوێندراوه‌ته‌وه


قەرارگەی ڕەمەزان، لەپاڵ شۆڕشی باشووری کوردستان و جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، ناوێکی دیارە بۆ هاوکاریکردنی حزبەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

قەرارگەی ڕەمەزان کە بەرپرسە لە هەموو چالاکییەکانی دەرەوەی خاکی ئێران بە مووشەکبارانکردنی هەرێمی کوردستانەوە، لە نوێترین بەڵگەنامەکانیدا دەرکەوتووە بەرەی کوردستانیی کە لەسەرجەم حزبەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتبو و بەر لەڕاپەڕینی باشووری کوردستان دروستکرا، لەسەر داوای قەرارگەی ڕەمەزان دروستکراوە و دەقی ڕێککەوتنەکەش بە زمانی فارسی نوسراوە.

کاتێك لەجەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران قەرارگەی ڕەمەزان داوای هاوکاریی لە حزبی دەعوەی عێراقی دەکات، ئەوان بەدەم داواکارییەکەوە ناچن، بەڵام کاتێك داوای هاوکاریی لە پارتی و یەکێتی کراوە هەردوولا ڕاستەوخۆ ئامادەییان نیشانداوە هاوکاریی قەرارگەی ڕەمەزان بکەن دژی سوپای ئەوکاتە عێراق.

لەکتێبێکدا بەناوی جەنگ لەودیو سنور کە قەرارگەی ڕەمەزان دەریکردوە بەمشێوەیە باسی پارتی کراوە و نوسراو؛ پارتیەکان لەلایەن ئەرتەشەوە بەکرێگیرابوون، بۆئەوەی شاری شنۆ لە حزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی کوردستان پاک بکەنەوە، تەنانەت سەرجەم هێزەکانی پارتی خراونەتە ژێر فەرماندەیی پارێزگاری ئەوکاتەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا.

هەر بەگوێرەی بەڵگەنامەکان پارتی لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ بڕی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی پێدراوە بەرامبەر ئەو کارانەی بۆ قەرارگەی ڕەمەزانی کردووە.

کاتێكیش بەهاوکاریی پارتی، قەرارگەی ڕەمەزان حاجی ئۆمەران و ناوچەکەیان گرت لەبەڵگەنامەکاندا باس لەوەکراوە، ئێران هەزار پێشمەرگەی پارتی بەکرێگرتوون بۆ ئۆپەراسیۆنی وەلفەجری دوو، لە کتێبەکەدا ئاماژە بەوەکراوە سەدام لە کاردانەوەی ئەو کارەی پارتیدا ئەنفالی بارزانییەکانی دەستپێکرد.

پارتی ئامادەیی نیشانداوە لە هەموو لق و ناوچەیەکیدا بنکەیەکی سوپای پاسداران بکرێتەوە، بۆئەوەی ئەو بنکانە ڕاستەوخۆ فەرمان بدەنە لق و ناوچەکانی ئەو حزبە.

هەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەو کتێبەی قەرارگەی ڕەمەزاندا دوو نامەی مام جەلال سکرتێری پێشووی یەکێتی بڵاوکراوەتەوە کە لەیەکێکیاندا و لەکاتی هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لەخومەینی دەکات، بارزانییەکان دەستگیربکات و لە ئێران دادگاییان بکات.

لەنامەی دووەمیشدا پاڵپشتی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو کارانەی بۆ قەرارگەی ڕەمەزانی کردوون نیشانداوە، لەوانە لێدان لە وێستگەی کارەبای دووکان و لێدان لە کێڵگە نەوتییەکان.

بە پێی بەڵگەنامەکان یەکێتی و قەرارگەی ڕەمەزان ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی؛ قەرارگە هاوکاریی کاریگەر بۆ یەکێتی بنێرێت، لەبەرامبەردا قەرارگە یەک مەرجی سەرەکی هەبووە ئەویش دەرکردنی گروپە جوداخوازەکانی ئێران بووە، لەو ناوچانەی یەکێتی هەژموونی تیایدا هەیە.

لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ قەرارگەی ڕەمەزان بڕی ٨٠ ملیۆن تمەنی داوەتە یەکێتی واتە نزیکەی سێ یەکی ئەو پارەیەی کە دابویە پارتی بۆ راپەراندنی ئەو فئەرکانەی بۆی دیاریکردبوون.
بە درێژایی مێژوو نەتەوەی کورد لە باشوری کوردستان ئەوەی زانیوە کە پارتی و یەکێتی لە ژێرەوە زۆر کاریان بۆ ئێران و قەرارگەی رەمەزان کردوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لەلایەن خودی قەرارگەی رەمەزانەوە زیاتر جەخت کردنەوەیە لە بوونی پەیوەندیەکان و رەنگە بەشێکی ئامانجەکەش بۆ ئەوە بێت کە ئەو دوو حزبە وا لێبکەن لە هەموو حاڵەتێکدا بیریان لای ئەوە بێت کە دۆسیەکانیان لە ژێر دەستی ئەواندان و دەتوانن هەر کات و هەر چۆن بیانەوێت بڵاوی بکەنەوە.