بۆ جینۆسایدی ئێزیدییەكان و مەلەفە نەتەوەییە شكستخواردوەكان

مەلەفی تایبەت

13/08/2024‌ 317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

د. سەیران تەها ئەحمەد ـ كۆلێژی یاسا
     
 لە مێژووی كۆمەڵگای نێودەڵەتیدا كارەساتی میللەتانی دنیا دەبێت بە ناسنامەی نەتەوە و گەلەكانیان پێ دەناسرێتەوە، نەوە لە دوای نەوە ئەو یادانە بەرز ڕادەگرن و دەست بەرداری مافی خۆیان نابن لە قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەتوەكانیان و سەرخەستنی كەیسی نەتەوەكانیان ؟

  بەڵام كارەساتی میللەتی كورد بە دەستی خۆی مێژووی خۆیان دەشێوێنن، بە شاردنەوەی ڕاستیەكان و بەكارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی سیاسی حیزبێك، یان گروپێك یان کەسانێك، تەنها كوردە قوربانی بە مەسەلە نەتەوەیەتیەكانیان دەدەن لە پێناو گروپ و چەند كەسایەتیەكی سیاسی دیاری كراودا. كارەساتە كە ترس لە مێژوو نەبێت؟ وە هەمیشە كار لەسەر دروست كردنی وەهمی سیاسی و بە موقەدەس كردنی خیانەت و هەڵە سیاسیە گەورەكان و گەمژاندنی كۆمەڵگا دەكەن لەلایەن لایەنگراكانیانەوە پاشان بەكار‌هێنان و باس كردنیان زۆر بە ئاسانی لەمیدیاكان و هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان وە فرۆشتنەوەیان بە خەڵك بە دەستكەوتی سیاسی و حیزبی وە لە جیاتی داوای لێبوردن و شەرمەزاری شانازی پێوە دەكەن؟

حەقی خۆیەتی بپرسین لەماوەی ١٠ ساڵدا وەك مەسەلە و چەمكێكی نەتەوەیی چیكراوە؟ چۆن كار كراوە بۆ كۆكردنەوەی ڕای جیهانی وە بە ناساندنی بە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. وەیان لەسەر ئاستی هەرێمی چ هەوڵێك درا بۆ بەدەست هێنانی پاڵپشتی بۆ بە تاوانباركردنی داعش وە هەڵوێست وەرگرتن لە پاڵپشتی ووڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتی توركیا و قەتەر كە بە ئاشكرا یارمەتی مادی و لۆجیستی داعش بوون لە ناوچەكەدا؟

لەلایەكی ترەوە كشانەوەی پێشمەرگە و بەرپرسە سەربازییەكان لەو میحوەرانەی كە لەژێر دەستیان بووە وە بەرپرس بوون لەو ناوچانە كە بە چاوی خۆمان لە تیڤیەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بینیمان چ كارەستێكی ئابڕووبەرانەوەی نەتەوەیی و مرۆیی بوون؟ لەگەڵ ئەوەشدا، هەتا ئەم كاتەش پچوكترین بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە لەگەڵیاندا نەكرا؟ تا ئێستا كەس ئەو نهێنیە نادركێنێت كە بۆچی كشانەوە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی كەسانی عەسكەری یان بەرپرسی حیزبی بووە یان لەسەر داوای توركیا و ووڵاتانی تر بووە؟ دەبێت ڕۆژانێك بێت نەوەكانی داهاتوو ئەم ڕاستیانە وەك خۆی بزانێت؟ لەگەڵ بوونی ئەو ڕاستیەی كە كەس ناتوانێت نكوڵی لێبكات كە ئەگەر بەرگری قارەمانانەی كچان و كوڕانی یەپەگە و پەكەكە نەبوایە ژمارەیەكی زۆر لەوە زیاتر بەدیل دەگیران و دەفرۆشران و تاوانیان بەرامبەر دەكرا.

ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ئێزیدیەكان ئەنجامدرا هاوكێشەیەكی سیاسی و لە بەرژەوەندی هەندێ هێزو وڵاتاندا بوو کە لەگەڵ تیرۆر و تەكفیر و توندڕەویدا یەکانگیربوون، هەروەها لە ئەنجامی كەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی عیراقی و ‌هێزە كوردیەكان بوو لەو ناوچانەدا. ئەوەی جێگەی ئاماژە پێكردنە كە پێش هێرشەكانی داعش ڕێگەدەدرا بەبوون و پەرەپیدانی فكری توندڕەوی لە مزگەوت و خوێندنگا و تەنانەت زانكۆ و پەروەردەدا؟ جیاكاریەكی گەورە لە كۆمەڵگاكاندا دەكرا بە بەرنامە لە لایەن هەندێ لە ڕێكخراو و كەسایەتیەكان كەباس لە قێزەونكردنی مرۆڤەكان بە حەرامكردنی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان.... ئەمانە هۆكارن تەنانەت كە کارەساتی جینۆسایدی ئێزیدیەكان ڕوویدا كەسانی دەروون نەخۆش ولایەنگرانی داعش زۆر بە ئاسایی ئەم تاوانانەیان وەردەگرت، ڕەنگە لەزۆر ڕوو لایەنەوە هاوكاریان بوون؟

كارەساتە كە لە ماوەی 10 ساڵدا نەتوانراوە مەلەفی ناوخۆییەكان چارەسەر بكرێت؟ كپ كردن و پەردەپۆش كردنی ئەو ڕاستیانەی كە هۆكار بوون بۆ زیادكردنی نەهامەتی و ئازارەكانی ژنان و كچان وخانەوادەی قوربانیانی ئێزیدیەكان. چەندە تاوانە نامرۆڤایەتیەكانی داعش كاریگەری خراپی بەجێهێشتوە، بەهەمان شێوە پەرتەوازەكردنیان وە دابەشكردنیان و كۆنتڕۆڵکردنیان لەلایەن حیزب و گروپە سیاسیەكان جا پارتی دیموكراتی كوردستان بێت یان ‌گروپە شیعەكانی عیراق یان پەكەكە  بێت كاریگەری و بارگرانیەكی گەورەتری بۆ دروستكردوون لە گەڕانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان. لەجیاتی خزمەتكردنی خەڵکی شەنگال بە پێچەوانەوە ڕێگری لە كاری ڕێكخراوە بیانی و ناوخۆیی و حكومیەكان دەكرێت.

لەبەرئەوە مافی خەڵكی كوردستانە لەسەر هەموو مەلەفە نەتەوەییە شكستخواردوەكانی لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا پرسیار دەكەین بۆ بەرپرسێك نادرێتە دادگا، بۆ لەپۆستەكانیان لانابرێن؟ وە كەی كۆتایی بە سیاسەتی لەبیربردنەوە بەناوی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەهێنن؟ تاكەی كۆتایی بە دروستكردنی سیناریۆ و پلانگێڕی بۆ بەیەکدادانی پێكهاتەكان بەناوی ئایین یان مەزهەب و نەتەوە دەهێنن؟ ئەمە چ مێژوویەكە براكان لەسەردەمی ئەمارەتی بابان و سۆران و بادینان بۆ سەردەمی قودس و دڵی كوردستان تێر نەبوون لە دوژمنایەتی یەكتری و هاوپەیمانێتی دوژمنان و پەلكێش كردنیان؟ چۆن ئامادەن میللەت و خاك، كەرامەتی نەتەوەیەك، لە پێناوی تاكڕەوی لە دەسەڵات، تەنانەت پۆستێك یان دەسەڵاتی كورسیەك هەموو شتێك لەناوبەرن؟