شارپرێس:
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوهتەوە، ئەنکەرە پێشنیازێکی پێشکەش بەدەسەڵاتدارانی ئەمریکا کردوە بۆئەوەی لەپێناوی دوبارە گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لەبەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگیی شەبەحی F-35، دەستبەرداری سسیتەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی ببێت.
ڕۆژنامەی جمهوریەتی تورکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، ڕەنگە تورکیا لەپرۆسەی ڕێککەوتندا بێت لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئەو موشەکی S-400ی ڕوسیەی کە لەساڵی 2017 لەڕوسیا کڕیویەتی، بەشێوەیەک ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەنكەرە پێشنیازی بۆ واشنتۆن کردوە سیستەمەکە لەکۆگاکاندا هەڵبگیرێتو ئەمریکا مافی بەردەوامی چاودێریکردنی دۆخی ئەو موشەکانەی هەبێت، ئەوەش لەپێناو هەڵگرتنی قەدەغەی فڕۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-35.
لەهەمانکاتدا میدیا ئەمریکییەکان باس لەوەدەکەن، ئەگەری دوبارە فرۆشتنەوەی سیستەمی S-400 بەوڵاتانی وەک هیندستان یان پاکستان هەیە، ئەمەش ڕەنگە مۆسکۆ توڕە نەکات.
ئەمریکا تورکیای لەبەرنامەی دروستکردنو پەرەپێدانی فڕۆکەی F-35 دەرکردبوو، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە تەکنەلۆژیای S-400 مەترسیی لەسەر ئاسایشی زانیاری فڕۆکە شەبەحییەکانی ناتۆ دروستبکات.
لەچوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، یۆنان سودی لەقەیرانی ئێستای نێوان تورکیاو ئەمریکا وەرگرتوەو داوای کڕینی فڕۆکەی F-35ی لەواشنتۆن کردوە، کە دەتوانێت باڵادەستیی ئاسمانیی بەسەر تورکیادا بەدەستبهێنێت.
لای خۆیەوە تورکیا نە بەئاشکرا بەگەڕخستنی سیستەمی موشەکیی ئێس 400ی پشتڕاستکردوەتەوەو نە ڕەتیشیکردوەتەوە.
هەروەک، بەرپرسێکی باڵای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەئەنكەرە ئاماژەی بەوەدا، تۆپەکە ئێستا لەگۆڕەپانی تورکیادایە، هەروەها ئەو مەرجانەی کە واشنتۆن بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 دایناوە بەباشی ناسراون.
باڵیۆزی ئەمریکا لەئەنكەرە ڕایگەیاند، پێشوازیی لەهەر پێشکەوتنێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سیستەمی بەرگریی موشەکی S-400و ئەمریکا کراوەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بەبەشداریکردنی تورکیا لەبەرنامەی F-35.