شارپرێس:
وته‌بێژى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر حزبه‌كه‌ى چه‌كى له‌ده‌ستدا بمایه، ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستان حسابێكى دیكه‌ى بۆ ده‌كرا، ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر زێڕو زۆر‌و ته‌زویر نه‌مێنى یه‌كگرتوو له‌دهۆك‌و ئێمه‌ش له‌ڕاپه‌ڕین یه‌كه‌م ده‌بین‌و ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووش بین وه‌كو لایه‌نه ئیسلامیه‌كان له‌سه‌روو 15 كورسیى به‌ده‌ستده‌هێنین".
محه‌مه‌د حه‌كیم وته‌بێژی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی له‌دیدارێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ربێت‌و زێڕو زۆر‌و ته‌زویر نه‌مێنێ، یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌پێش پارتى دیمو‌كراتى كوردستانه‌وه‌یه له‌ڕووى جه‌ماوه‌رییه‌وه له‌دهۆك‌و یه‌كه‌م ده‌بێت، به‌هه‌مانشێوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى باسمكردن نه‌مێنێ، ئه‌وا ئێمه‌ش وه‌كو كۆمه‌ڵ له‌ده‌ڤه‌رى پشده‌رو بتوێنیش له‌پێش هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه ده‌بین".
سه‌باره‌ت به‌پێشبینیه‌كان بۆ ئه‌نجامى لایه‌نه ئیسلامیه‌كان، محه‌مه‌د حه‌كیم جه‌ختیكرده‌وه، "لایه‌نه ئیسلامیه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌گه‌ر یه‌ك بن‌و پێكه‌وه بچنه هه‌ڵبژاردنه‌وه، پێموایه له‌سه‌روو 15 كورسیه‌وه به‌ده‌ستده‌هێنن".
وته‌بێژه‌كه‌ى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى نه‌یشارده‌وه، "ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵى دادگه‌ریش هاوشێوه‌ى سۆسیالیست‌و ئه‌وانى دیكه چه‌كى هه‌بووایه، حسابێكى دیكه‌ى بۆ ده‌كرا له‌هه‌رێمى كوردستان".
ئه‌وه‌شى وت:"له‌باره‌ى ئه‌وه‌ش ئاخۆ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵی دادگه‌ریى به‌ته‌نها بچێته پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه چه‌ند كورسى به‌ده‌ستده‌هێنین، جارێ زووه بۆ ئه‌و پرسه‌یان‌و نامانه‌وێت پێشبكه‌وین".
هۆشداریشیدا له‌وه‌ى، "ئێمه مه‌به‌ستمانه له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵمه‌تێكى هێمنانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت، لاى ئێمه بانگه‌شه‌ى غه‌یره هێمنانه خودامان لێ ده‌ڕه‌نجێ، به‌ڵام غه‌یره هێمنانه له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتیدا، شه‌ڕه ته‌قه ڕوو ده‌دات‌و خه‌ڵكى تێدا ده‌كوژرێ ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كى دیكه‌مانه".