ناتۆ خۆی بۆ جەنگ لەگەڵ ڕوسیا ئامادە دەکات

جیهان

26/09/2024‌ 2186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیەکی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ)، ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان پلانەکانی ئامادە دەکات بەمەبەستی دروستکردنی هەماهەنگیی لەئەگەری ڕودانی شەڕ لەگەڵ ڕوسیا.


ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری ژەنەڕاڵ ئەلێکساندەر سۆلفرانک سەرۆکی فەرماندەیی لۆجستیکی ناتۆ لەئەڵمانیا ڕایگەیاندوە، هاوپەیمانییەکە پلانی هەیە لەئەگەری ڕودانی شەڕ لەگەڵ ڕوسیا، ژمارەیەکی زۆر سەربازی بریندار لەهێڵەکانی پێشەوە دوربخاتەوە.

سۆلفرانک ڕونیکردوه‌تەوە کە ڕەنگە پرۆسەی گواستنەوە لەسەر ئەو شەمەندەفەرانە ئەنجامبدرێت کە وەک نەخۆشخانە تەیارکراون، چونکە ڕەنگە پڕۆسەی چۆڵکردنی ئاسمانیی نەتوانرێت ئەنجامبدرێت.

هەروەک وتویەتی:"سیناریۆی گریمانکراو لەداهاتودا بۆ چۆڵکردنی پزیشکیی جیاواز دەبێت لەو ئەزمونەی کە ئەندامانی ناتۆ لەئەفغانستان‌و عێراق پێیدا تێپەڕیون".

ئەو ژەنەراڵە ئەڵمانییە وتوشیەتی:"لەئەگەری ڕودانی ململانێ لەگەڵ ڕوسیا، پێدەچێت سوپای وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوبەڕوی ناوچەیەکی جەنگی زۆر گەورەتر ببنەوەو سەربازێکی زیاتریش برینداردەبن‌و لانیکەم نەبونی باڵادەستی ئاسمانیی بۆ ماوەیەکی کاتی لەنزیک هێڵەکانی پێشەوە".

پلانەکانی چۆڵکردنی پزیشکی بەشێکە لەهەڵمەتێکی فراوانتری ناتۆ کە بەهۆی شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا لەساڵی 2022دا سەریهەڵداو ئامانجیان چاکسازیی‌و بەهێزکردنی توانای هاوپەیمانییەکە بۆ ڕاگرتن‌و بەرگریکردن لەهەر هێرشێکی ڕوسیا.