هەڵجنینی هیوا بۆ گۆڕانكاری لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە تەنها لەسیستەمە دیموكراتیەكان لەناو گەلانی زیندوو و هوشیار و ئازادا كە چاودێرن بەسەر حكوومەت و پەرلەمانەوە ڕوودەدات. لەناو ئەو سیستەمانەدا كە ئابرووی سیاسی بوونی هەیە، كە بەرپرسیارێتی بۆ ووشەو بەڵێنی كەسایەتیە سیاسیەكان گەرەنتی هەبێت، كاتێك میللەتێك ئەوەندە هۆشیار بێت پچوكترین لێبووردنی بۆ دەست بردن بۆ موڵكی گشتی بۆ خیانەت بۆ هەڵەی سیاسی گەورەی نەبێت، هەڵبژاردن بۆ ئەو میللەتانەیە كە گیرۆدەی كۆیلایەتی و مێژوو پێ فرۆشتنەوە نابن، هەڵبژاردن بۆ ئەو میللەتانەیە كە گەندەڵ نەكراون، كە سەركردەی گەندەڵ و دز و درۆزنیان پی قبوڵناكرێت.
بەڵام هەڵبژاردن لەناو سیستەمە كۆنە پارێز و خێلەكی و بنەماڵەیی و دكتاتۆریەكاندا كە بە درۆ و ڕووپۆشی دیموكراسی قێزەونترین یاری بە چارەنووسی میللەتەكانیان دەكەن تەنها ئامرازێكە بۆ زیاتر چەسپاندنی ستەم و دەسەڵاتیان. لە باشوری كوردستاندا، لەیەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنەوە تا ئێستا هەموو جارێك میللەت دەكرێتە قوربانی سیاسەتی كۆنەقینی خەباتی شەست ساڵەی دووبەرەكی شەخسی کەسایەتیە سیاسیەكان، وە هەر جارەی بە كارەساتێك ڕادەستی چارەنووسیكی نادیار دەكرێن؟ هەڵبژاردن و گۆڕانكاری لەناو سیستەمێكدا ناكرێت كە نرخی هاووڵاتی بوون وونە؟ نەك جیاوازی لەنێوان شارەكان و زمانەكان دەكەن بەڵكو گەورەترین جیاوازی لە نێوان هاووڵاتیاندا بە ناوی لایەنگری یان حیزبی بووندا دەكرێت؟ سوودی هەڵبژاردن چیە؟ لە ناو سیستەمێكدا كە ناشرینترین داهێنانی لەسەر نرخ دانان لەسەر كەسەكان و كڕینی کەسایتەكان لە هەموو ئاستەكاندا جێبەجێ دەكات بۆ بەدەست هێنانی ماف و دەستكەوتی زیاتر. لە سیستەمی دەسەڵاتی باشوردا ستراتیجیەتی بێ بەها كردن و دوژمنایەتی تاكی كورد بەرامبەر بە یەكتری بە بەكارهێنانی هەمان سیاسەتی سەردەمی ڕژێمی بەعس پەیڕەو دەكرێت، هەر لە سیخوری كردنی هاووڵاتیان بەسەر یەكتری، حیزبەكان لەگەڵ یەكتری تەنانەت بە ئاشكرا سیخوری كردن بۆ درۆنەكانی ووڵاتانی دراوسێ ئەنجام دەدرێت؟
بە تاقیكردنەوەی نەهامەتیەكان لە پرۆسەی ئیدارەدانی كوردیدا حیزبەكانی كە بەشدار بوون لە دەسەڵاتدا بە جیاوازی بیروبۆچونەكانیانەوە، هەر لە بوونی دوو ئیدارەیی لە كاتی شەڕی ناوخۆدا یان بە هاوبەشی بوو بێت بە جیاوازی لە دەستكەوت و پشکەكانیان؟ هیچ بەرەیەك نیە شەق و داركاری لەگەڵ هاووڵاتیان بەكار نەهێنابێت؟ ئایا لایەنێك هەیە دەستی یان پشكی لە تاڵانی لەجەستەی نیشتماندا نەبێت؟ گرێدراو لەژێر فەرمانی ووڵاتانی دراوسێدا نەبێت؟ جگە لە هەڵڕشتنی ووشە و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان نەبێت، گەورەترین درۆیە كە دەتوانرێت ڕێگە لە دزینی داهات و بودجەی حیزب و مڵكدارێتی سیاسیەكان ڕابگرێت؟ كێ دەتوانێت ڕێگە لە قاچاخچێتی نەوت و سەرسنورەكان بگرێت؟ كێ دەتوانێت دەست بۆ هێزە چەكدارەكانی حیزب بەرێت؟ چۆن بە متمانەی دۆڕاو هەمان عەقڵیەت و هەمان سیاسەت و كەسائەتیەكان چۆن پایەكانی سیستەمی گەندەڵی هەڵدەتەكێنرێت كە خۆیان بنیادنەر و پاڵپشتی بن؟
ئەو ڕاستیەی كە هەموومان دەیزانین، وە بووە بە عورفی سیاسەتی كوردی، هەر لە ماوەی چوار ساڵ جارێك هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی خەباتی كوردایەتی بەدەستی بكەرە سەرەكیەكان یان ئەوانەی تیایدا بەشداربوون یان شاهیدحاڵەكان لە زمانی خۆیانەوە بە بەڵگەوە هەڵدەدرێنەوە؟ لەبری ئەوەی بەرنامەی هەڵبژاردنەكانیان بۆ جارێكیش بوایە باسیان لە چۆنیەتی گەڕانەوەی متمانە و سامانی گشتی و زەوی و گرد و ناوچە گەشتیارییە داگیركراوەكان لەلایەن حیزبەكانەوە بۆ حكوومەت بكردایە؟ بەڵام بەبێ سڵەمینەوە لە تیڤی حیزبەكانیانەوە بەئاشكرا باس لە كوشتنی دیلەكانی شەڕی براكوژی و ئەشكەنجەدانیان دەكەن؟ لە یاداشت و کتێب و نامیلكەكانیاندا باس لە دەست نەپاراستنیان دەكەن لەداپلۆسینی براكان و چاڵ هەڵكەندن بۆ یەكتری لەكاتێكدا لەژێر هەڕەشە و هێرشی بەعسدا بوون، وە تاوانباركردنی یەكتری بە چوونە بەرەی دوژمن و وەرگرتنی چەك و یارمەتی لە ڕژێمی بەعس یان ساواك یان میتی توركی بێت؟ تەنها لەپێناو شوێن گرتنەوە وشەڕی كۆنەقین و قبوڵنەكردنی یەكتری و هەموو هەوڵێكیان بۆ سڕینەوەی یەكتریداوە ؟ پاشان دوای دەیان شكستهێنان بە میللەت و هەزاران شەهید، بەزەبر و لەژێرهەڕەشەی هاوپەیمانان و بەنێوەندگیری و لەبەرچاوگرتنی پەرژەوەندیە سیاسیەكانی هەریەكە لە ووڵاتانی ئێران و توركیا ڕێكەوتنی سیاسی ئەنجامدراوە لە پێناو دابەشكردنی داهات و پلە و پۆست و دەستكەوتەكانیان بەشەراكەت حكوومەتیان پێكهێناوە.
پرۆسەی دیموكراسی لە باشوردا بەجۆرێك ئەتك كراوە، كە شەرم لەناوهێنانی دەكرێت كاتێك كە حوكمڕانی ئەم هەرێمەدا سەرەڕای نەبوونی سیستەمی پاشایەتی و شازادەیی بە تەواوەتی بە بنەماڵەیی كراوە لەناو دەسەڵات یان لەدەرەوەی دەسەڵات بن، تەنانەت ئەو حیزبەی كە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بۆ كۆتایی هێنان بەم مۆدێلە دروست بوو، گەورەترین خیانەت و شكستی بە متمانە و تروسكەی هیوای گۆڕانكاری كوژاندەوە و ئەویش بوو بە پاشكۆی تەوریسی سیاسی. لەبەرئەوە ئەك پچوكترین هیوامان بە هەڵبژاردن و گۆڕانكاری نیە بەڵكو بە هەڵبژاردن هیچ شتێك ناگۆڕێت، گەر بناغەی پتەوی سیستەمی گەندەڵی هەڵنەتەكێنرێت؟ كە یەكێك لە كۆڵەكەكانی ئەو سیستەمە خودی پەرلەمان خۆیەتی، كە بوە بە سەرچاوەی زەمانەتی هەتاهەتایی بۆ دەوڵەمەند بوونی كۆمەڵە كەسانێك بە ناوی خانەنشینی كە جگە لە ئامانجی مسۆگەر كردنی داهاتووی خۆیان ،نە كاریان بە پەرلەمان هەیە وە خۆیان ووتەنی نە ووشەیەك لەسیاسەت دەزانن؟ لەلایەكی ترەوە بێ بەها كردنی پەرلەمان لە لایەن حیزبەكانەوە لە یەكەم كابینەوە بە مەبەستی شكاندنی شكۆ و بێ دەسەڵاتكردنی لەبەردەم دەسەڵاتی حیزبیدا، ئەوكاتەی پەرلەمان كرا بە خزمەتكاری حیزب و شوێنی تێپەڕاندنی پرۆژە و بەرنامەكانی حیزب هیچ هیوایەكیان بۆ گۆڕانكاری نەهێشتەوە؟ پەرلەمانێك جورئەتی محاسبەكردن و هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر هێرشی داگیركاری و كاوڵكاریەكانی تورك یان سوپای پاسدارانی نەبێت؟ پەرلەمانێك بوە بە شوێنێك بۆ قەرەبوو كردنەوەی كەس و كاری شەهید و خزم و لایەنگر و دۆست و ئەحبابەكان، وە هەر لەگەڵ مسۆگەر كردنی خانەنشینی زۆرینەی پەرلەماندارەكان واز لە سیاسەت دەهێنن و دەبن بە بێ لایەن و خەریكی كاسبی خۆیان دەبن و بە ڕێكەوتیش باس لە سیاسەت ناكەن، وە تەماشەكەری بێدەنگی بارودۆخی سیاسین ؟
ئەوەی لەبەرچاوی خەڵك و دۆستانی دەرەوەدا دەبینرێت و ڕوودەدات كە بە ڕاستەوخۆی دەیان جار بە دەسەڵاتدارانی هەرێم ووتراوە كە پرۆسەی دیموكراتی و ئیدارەدانی هەرێم لە پاشەكشەكردنێكی زۆرمەترسیداردایە لە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، تەنانەت گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كەی حیزب وویستی دەرگای پەرلەمان دادەخات. ئەوەی چاوەڕوانی دەكەین ئەو حیزبانەی كۆنتڕۆڵی داهات و دەسەڵاتیان لە دەستدایە دەنگ بهێنن یان نا، هاووڵاتیان دەنگ بدەن یان نا، دەستبەردار بوون یان دەستاو دەست كردنی دەسەڵات بوونی نابێت گەر نیوەكەی تری هەرێـمیش لە دەست بدەن، بە پەنابردنەبەر هاوكاری سەربازی ووڵاتانی دراوسێ (توركیا یان ئێران) بێت بۆ گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی وەك چۆن پێشتر ئەم ئەزموونە كارەساتبارەیان پەیڕەو كراوە، وەیان هەر ڕێگە نادەن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، یان ڕەنگە لە ئێستاوە سندوقی پڕ لە دەنگەكان حازر كرابێت؟ یان گەر هەڵبژاردن ئەنجامدرا ڕەنگە دوای ساڵێك یان زیاتر وەك ئەزموونەكانی پێشتر ڕێگە بە پێكهێنانی حكوومەت یان رێكەوتن ناکرێت؟ لەبەرئەوە چاوەڕوان دەكرێت كابینەی داهاتوو گەر پێكهات خراپی خراپترینەكان بێت، چونكە بەردەوام بوونی سیاسەتی جیاكاری و فەرامۆشکردنی هاووڵاتیان و نەدان و دواكەوتنی مووچەكانیان بەهۆی گەندەڵكاری بەم شێوەیەی ئێستا، گەورەترین مەترسی دەبێت لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی و ڕەنگە سیستەمی فیدڕالی پارێزگاكان تاكە بەدیل و داواكاری خەڵك بێت لە داهاتوودا بۆ دابینكردنی مووچە و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی.
د. سەیران تەها ئەحمەد ـ كۆلێژی یاسا ـ زانكۆی سلێمانی