شارپرێس:
وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرایكرد، دابەشکردنی موچەی مانگی پێنج دەستیپێکردو پێش جەژن موچەی سەرجەم موچەخۆرانی عێراق دابەشدەکرێتو 1%ى موچەی فەرمانبەرانیش دەبڕدرێت.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ئاشكراكراون، ئامادەکارییەکانی لیستی موچەی مانگی پێنج بەسیستمی پەیرۆڵ دەستیپێکردوەو لەشەوی ڕابردوشهوه سەرجەم وەزارەتو فەرمانگەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئامادەکردنی لیستەکە.
دوای 20 ڕۆژ لەدواکەوتنی موچە، حکومەتی ههرێم سیستمی پەیرۆڵی کاراکردو سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپاردوە دەست بەئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا نیوەی داهاتی ناوخۆی مانگی چواری ڕادەستی بەغدا نەکردوە.
وهزارهتى دارایی عێراق ئاماژهى بهوهداوه، بۆ ئەم مانگە بهگوێرهى بڕیاری 281ی وەزارەتی پلاندانانی بەغدا بەڕێژەی 1٪ی لێبڕین دەکرێت لەموچەی موچەخۆران، ئەوەش بەهۆکاری ژمارەی فەرمانبەری یاخود (ڕەقەم وەزیفی) کە کۆتایی مانگی ڕابردوو حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەو ژمارەیە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت، هەموو فەرمانبەرێک کۆدێکی تایبەتی پێبدرێتو ببێتە پێناسی فەرمانبەر کە سەرجەم داتاو زانیارییەکانیانى ئهو فەرمانبەرەی تێدا تۆمارکراوە.
لاى خۆیشهوه یادگار جەبار سەرپەرشتیارى لیژنەى بایۆمەتری لەسلێمانی زانیاریى زیاترى ئاشكراكردوهو وتویهتى، "ڕۆژی ڕابردوو لەنوێترین ڕێنماییدا داوامان لێکراوە بەگوێرەی بڕیاری 281ی وەزارەتی پلاندانانی عێراقو ڕاسپاردەی وەزیری دارایی عێراق، بەڕێژەی 1% لێبڕین لەموچەی بنەڕەتی فەرمانبەران بکرێت".
لهلایهكى دیكهشهوه فێنک حەسیب سەرپەرشتیاری لیژنەى بایۆمەتری لەهەولێر لەبارەی هۆکارو مەبەستی لێبڕینەکەوە ئاماژهى بهوهداوه، "ژمارەی کەسیی بێهاوتا کە بە UPN ناسراوەو بوەتە ژمارەی وەزیفی، لەبەرامبەر ئەوەدا بەغدا داوایکردوە، ئەو لێبڕینە بکرێت لەموچەی بنەڕەتیو سەرجەم فەرمانبەرانى هەمیشەییو گرێبەستیش بگرێتەوە، لێبڕینەکەش تەنها بۆ یەک مانگەو لەسەر لیستی موچەی مانگی ئایار جێبەجێدەکرێت".
لێبڕینی 1٪ى موچە بەجۆرێکە، لەکۆى موچەى بنەڕەتى فەرمانبەران دەبێت، ئەگەر فەرمانبەرێک موچەى بنەڕەتییەکەى 400 هەزار دینار بێت، تەنها چوار هەزار دینارى لێدەبڕدرێت.
مانگانە لیستی موچە بەپەیڕۆڵ ئامادەدەکرێت، داتاو زانیاریی تەواوی 429 یەکەی ژمێریاری لەهەولێرو 421 یەکەی ژمێریارییو 31 بانک لەسلێمانیو 301 یەکەی ژمێرکاری لەدهۆک لەناو سیستمەکەدا تۆماردەکرێنو پاشان کارادەکرێت، بۆ ئەوەی بەشێوازی ئۆنلاینو بەدەستییش لەبەردەستی وەزارەتی دارایی عێراقدا بێت.
بڕیاروایه لهم ههفتهیهدا نیوهى داهاتى نانهوتى ههرێم ڕهوانهى بهغدا بكرێتو لیستى موچهش تهواو بكرێتو ڕادهستى وهزارهتى دارایی عێراق بكرێت.
